عەلی دۆلەمەری: پێش کۆتایی ئەمساڵ ماکرۆن دێتە هەولێر

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژەی دا، سەرۆک بارزانی سەردانێکی زۆر بەرهەمداری بۆ پاریس هەبوو، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس، سەرۆک بارزانی بۆ دەیەمین ساڵیادی تەقینەوەکانی پاریس بانگهێشت کرا، هاوکات لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان باس لە بە ناو کردنی خانوویەک لە قەڵای هەولێر بە ناوی پاریس کراوە.

هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە کوردستان24ی گوت: سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانی پاریس کۆبوونەوەیەکی زۆر باشییان هەبوو و باسی لە پەیوەندی دوو لایەنە کرا، هاوکات سەرۆک بارزانی بۆ دەیەمین ساڵیادی تەقینەوەکانی پاریس بانگهێشت کراوە، کە بڕیاری لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت و لە ڕێوڕەسمەکە ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و چەندین سەرکردەی دیکە ئامادە دەبن. باسی لەوەش کرد، سەرۆک بارزانی وەک سیمبول و سەرکردەی هێزەکانی پێشمەرگە بانگهێشت کراوە، چونکە سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی لە شەڕی دژ بە داعش بینیبوو.

لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ کوردستان، عەلی دۆلەمەری گوتی: بڕیار بوو ماکرۆن لە 11ـی ئەم مانگە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی سیاسی لە ناوچەکە و جیهان و سەرقاڵبوون بە جەنگی ئۆکرانیا گەشتەکەی بۆ کۆتایی ئەم ساڵ دوا خست، هەروەها هەر لەبەر ئەو هۆکارەش بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیی نەکرد.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژەی دا، لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باس لە گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەتایبەت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چارەسەر کردنی کێشەی کورد و سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا. هەروەها هەر دوویان جەختییان کردە و کە دەبێت بە دەستوور کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێت.

دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە ئاستێکی زۆر باش دایە، بەڵام دەیانەوێت لە بواری ئابووری، هونەری، پەروەردەیی و کولتووری پەیوەندییان باشتر بکەن.هاوکات سەرۆکی شارەوانی پاریس بە سەرۆک بارزانی گوت: کە دەیانەوێت خانوویەک لە قەڵای هەولێر لە پێناو مافی ئافرەت و پێکەوەژیان و دیموکراسی بە ناوی پاریس بکەن.

لەبارەی ئامادەبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس ئاماژەی دا، ئەو سێ پێشمەرگەی کە ئامادە بوون لە سێ پێکهاتەی جیاوازی وەک، ئێزدییەکان، کریستانەکان و موسلمانەکان بوون، باسی لەوەش کرد، لە ئەنجوومەنی شارەوانی فەرەنسا کە نزیکەی سەد ئەندام دەبن و لە پارتی جیاواز پێکهاتوون، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لە بەناو کردنی ڕێڕەوێکی پاریس بە ناوی پێشمەرگە درا.

 
Fly Erbil Advertisment