گه‌وره راوێژكارێكی سه‌ربازی ئه‌ڵمانیا: پێشمه‌رگه به‌هێز ده‌كه‌ین
"ئه‌ڵمانیا خزمه‌تی زۆری پێشمه‌رگه‌ی كردووه"

K24- هه‌ولێر:
بریکاری وەزارەتی پێشمه‌رگه و گەورە راوێژکاری هێزەکانی ئەڵمانیا كۆبوونه‌وه، تێیدا جه‌خت له یه‌كخستن و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرایه‌وه.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 19ـی ئایار / مایۆی 2022)، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئەلێکساندەر شتۆمێر، گەورە راوێژکاری هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە وەک جێگرەوەی کۆڵۆنێڵ مایەر لە وەزارەتی پێشمەرگه دەست بەکاربوو.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه راشیگه‌یاند، لەم دیدارەدا، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئامادەیی خۆی و وەزارەتی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک کە پێویست بێت بۆ سەرخستن و جێبەجێ کردنی پلانی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکان، دەربڕی.
کۆڵۆنێڵ شتۆمێر له دیداره‌كه‌دا رایگه‌یاند، "ئامانجی ئێمه چاکسازی و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە، بۆئەوەی تۆکمەتر و بەهێزتر بن، تاوه‌كو بتوانن خاک و خەڵکی کوردستان، لە تیرۆریستان بپارێزن".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی رۆڵی گەل و حکومەتی ئەڵمانیای کرد، لە رێگەی راوێژکارەکانیانەوە، خزمەتی زۆریان بە پێشمەرگە کردووە.
