بەڕێوەبەری شارەوانی دووی هەولێر: ئەو رێکلامانەی بەبێ مۆڵەتی شارەوانی هەڵواسراون لادەبرێن

ئارام رەسول، بەرێوەبەری شارەوانی دوو لە هەولێر
ئارام رەسول، بەرێوەبەری شارەوانی دوو لە هەولێر

K24 - هەولێر:

ئارام رەسول، بەرێوەبەری شارەوانی دوو لە هەولێر، رایگەیاند، سەرجەم تابلۆی ئەو رێکلامانەی کە بە نایاسایی لە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون لادەبرێن و ئاگادارکردنەوەش بە شوێنەکان دەدرێت.

ئەمڕۆ (26ــی ئایاری 2023)، ئارام رەسول، بەرێوەبەری شارەوانی دوو لە هەولێر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لە دوای راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولیر، تیمەکانمان رۆژانە هەڵدەستن بە لابردنی تابلۆی ئەو رێکلامانەی کە بە شێوەکی نایاسایی و بەبێ مۆڵەتی شارەوانی لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون.

هەروەها راشیگەیاند، سەرەتا شوێنەکان ئاگادار دەکرێنەوە، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەو کارەیان رێکاری یاسایی لەبەرامبەریان دەگیرێتەبەر، کە خۆی دەبینێتەوە لە سزای پێژاردن و لێپێچینەوەی یاسایی.

ئارام رەسول، روونیکردەوە، بۆ مەبەستی هەڵواسینی رێکلام دەبێت سەردانی شارەوانی بکرێت و مۆڵەتی فەرمی وەربگیرێت. هەروەها گوتیشی: شارەوانی خۆی شوێنی هەڵواسینی تابلۆی رێکلامەکانیان بۆ دیاریدەکات.

بەرێوەبەری شارەوانی دوو لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، زۆرینەی هەڵواسینی تابلۆی رێکلامەکان لەلایەن سەنتەرکانی خولی بەهێزکردنی پرۆگرامی خوێندن و خولی بەهێزکردنی زمان ئەنجامدەدرێن.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا دوو کۆمپانیای هەڵواسینی تابلۆی رێکلام هەیە کە  مۆڵەتیان لە شارەوانی وەرگرتووە، دەبێت سەنتەرەکان و ئەو شوێنانەی کە دەیانەوێت تابلۆی رێکلام هەڵبواسن بە هەماهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ ئەم دوو کۆمپانیایە کارەکە ئەنجامبدەن.

 

Fly Erbil Advertisment