بەڕێوەبەرایەتی گشتیی مینی سلێمانی: 124 مین و پاشماوەی جەنگی لە چیای ئەزمەڕ دۆزراوەتەوە

K24 - هەولێر:
لە کێڵگەیەکی مین لە چیای ئەزمەڕ 124 مین و پاشماوەی جەنگی دۆزراونەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی مینی سلێمانیش دەڵێت: جێگاکەی بۆ پرۆژەیەکی ستراتیژی بەکاردەهێندرێت.
بەرێوبەرایەتی گشتیی مینی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کێڵگەی مینی چەوتە B لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی کە رووبەری خەمڵێنراوی 51 هەزار مەتر دووجایە 50،824 مەتر دووجای لە مین پاککراوەتەوە و دەکرێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چیای ئەزمەڕ 124 مین و پاشماوەی جەنگی دۆزراوەتەوە.
دەزگای گشتیی کاروباری مین لەوبارەیەوە رایگەیاند، کێڵگە مینەکە دەکەوێتە چیای ئەزمەڕی سەر بە سنووری ناحیەی سیتەک لە قەزای شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی دوای پاککردنەوەی لەلایەن تیمەکانی مینلابەری دەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی رادەست کرایەوە.
روونیشیکردەوە، ژمارەی سودمەندبووان نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتییە و بە پاککردنەوەی ئەم کێڵگەمینە راستەوخۆ بە سوود دەبێت بۆ پڕۆژەی چاوی گەردوونی کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها شوێنەکە بە گشتی بۆ مەبەستی گەشتیاری لە هەرچوار وەرزی ساڵ و لەوەڕگا سوودی لێ دەبیندرێت.
خاکی هەرێمی کوردستان بە چەندین قۆناغی یەک لە دوای یەکی مینرێژکردندا تێپەڕیوە و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبووە.
بە نزیکەیی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان مینڕێژکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری چەندین رێکراوی جیهانیمین بەردەوامە لە پاککردنەوەی ناوچە مینرێژکراوەکان.
لە سەر شاخی ئەزمەڕ دوو کێڵگەی مین هەن، یەکەمیان کێڵگەی چەوتە-A کە ساڵی 2014 پاککراوەتەوە، دووەمیشیان کێڵگەی چەوتە-B کە ئێستا پرۆسەی پاککردنەوەی کێڵگەکە، نزیکە لە تەواوبوون.