بەهۆی ناکۆکی یەکێتی و گۆڕان 14 مانگە قایمقامی حاجیاوا دەست نیشان نەکراوە

K24 - رانیە
بەھۆی ناکۆکی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان، دوای ساڵێک و دوو مانگ لە فەرمانی بە قەزابوونی حاجیاوا، نەتوانراوە کەسێک وەک قایمقام بۆ قەزای حاجیاوا دەست نیشان بکرێت.
بەگوێرەی یاسا پێویست بوو دوای بڕیاری بە قەزابوونی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بەڕێوبەری ناحیەی حاجیاوا کە پشکی گۆڕانە راسپێرێت بە وەکالەت پۆستی قایمقام بەڕێوە ببات، بەڵام ئەوە نەکراوە.
کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "دوای ساڵێک تائێستا قایمقامی حاجیاوا دەستنیشان نەکراوە، بابەتەکە پەیوەندی بە بابەتی سیاسییەوە هەیە، بەڵام ناکرێت چیتر خەڵکی سنوورەکە بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە بکرێنە قوربانی".
پسپۆرێکی یاسایی دەڵێ: ئەوەی لە حاجیاوا دەگوزەرێ بێ یاساییە، ئەو نووسراوانەی لەسەرەوە بۆ حاجیاوا دێن وەک قەزا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بەڵام بەھۆی دانەنانی قایمقام ئێستا بەڕێوبەری ناحیە وەڵامی نووسراوەکان دەداتەوە.
لە مانگی ئایاری ساڵی 2022 هەموو رێکارە یاساییەکانی بە قەزا بوونی حاجیاوا تەواو کراون، بەڵام تائێستا نەتوانراە کەسێک وەکو قایمقام دەستنیشان بکرێت.
عەلی عەبدوڵڵا، راوێژکاری یاسایی دەڵێت: "تائێستا بەڕێوەبەری ناحیە بڕیار و فەرمانەکان بەناوی بەڕێوەبەری ناحیە واژۆ دەکات لە کاتێکدا بە فەرمی قەزایە، ئەم بابەتە پێویستی بە چارەسەری بە پەلەیە".
حاجیاوا لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی راپەرینە، دەکەوێتە دووری 13 کیلۆمەتری باشووری خۆرئاوای قەزای رانیە، ژمارەی دانیشتوانەکەی 65 ھەزار کەس دەبێت، ساڵی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ناحیەی حاجیاوا بکرێتە قەزا، بەڵام تاکو ئێستاقایمقامی بۆ دانەنراوە.