سلێمانی؛ لەمساڵدا 89 کەس لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 500 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون و لە ئەنجامدا 89 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئابی 2023، رائید بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 583 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە تۆمارکراون".
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 89 هاووڵاتی لە ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 189 هاووڵاتی دیکەش بریندران.
وەکو ئەوەی رائید بەهمەن عەبدوڵڵا باسی دەکات، بەروارد بە ساڵی رابردوو، رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیادیان کردووە، چونکە وەکو خۆی گوتی، بەدرێژایی ساڵی رابردوو 593 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکرابوون، بەڵام تەنها لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 583 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، هۆکاری سەرەکی رووداوەکانی هاتووچۆ بە پلەی یەکەم بۆ "تیژڕەوی شوفێر و پابەند نەبوون بە خێرایی دیاریکراو" دەگەڕێنێتەوە.
لەبارەی ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر؛ فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، داتای ئەمساڵیان لانییە، بەڵام ساڵی رابردوو، 806 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون.
بە گوتەی فازڵ حاجی، نزیکەی سەدا 80ـی رووداوەكانی هاتووچۆ كە كەوتوونەتەوە بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە کە وەکو خۆی دەڵێت، "ئەمەیان بووەتە بەڵایەك بۆ سیستمی هاتوچۆ و بووەتە مۆتەكەی مەرگ كە رۆژانە خوێنی گەنج و لاوەكانمان دەڕێژرێت".
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر داوا لە شوفێران دەکات "تكایە پابەندی رۆیشتن بن بەو خێراییەی كە ئێمەی هاتووچۆ بۆمان دیاری كردوون، بەهیچ شیوەیەك زێدەڕۆیی مەكەن و هیچ بەهانەیەك بۆ تیژڕۆیی مەدۆزنەوە، چونكە زیانمەندی یەكەم و كۆتایی هەر خۆتان دەبن".
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو (2022) زیاتر لە سێ هەزار و 700 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان روویاندابوو و لە ئەنجامدا 450 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە حەوت هەزار و 300 کەسیش بریندارن.