سەنتەری میترۆ: هەوڵەکانمان بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی سلێمانی چڕکردووەتەوە

سەنتەری میترۆ
سەنتەری میترۆ

K24 – هەولێر:

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی لەبارەی دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەنووس لە سلێمانی، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا و عيماد بيلال بۆ ئەوەی سبەینێ بە کەفالەت ئازاد بکرێن.

رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) سەنتەری میترۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەکرا لە دادگا هەر ئەمڕۆ هەردوو رۆژنامەنووسەکە ئازاد بکرێن و جەختی کردەوە کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئازادکردنی هەردوو رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال.

هەر ئەمڕۆ رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لە بارەی دەستگیرکردنی هەردوو رۆژنامەس جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال لە سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووس جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌ و ده‌بێت دادگاكان ئاسانكاری بۆ رۆژنامه‌نووسان بكه‌ن.

رەحمان غەریب ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌دواداچوون بۆ كه‌یسی رۆژنامه‌نووس جه‌مال عه‌بدوڵڵا ده‌كه‌ن و هه‌رچی پێویست بێت له‌ دابینكردنی پارێزه‌ر و هه‌روه‌ها بوون به‌ كه‌فیل و هه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌، بۆی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

پێشتریش سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان لە سلێمانی هاتەدەنگ و لە راگەیەندراوێکی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەکرد، "جەمال عەبدوڵڵا، عیماد بیلال و ئازاد بایز بەبێ ئاگاداری پێشوەختە دەستگیرکراون" جەختیکردەوە، ئەم شێوازی دەستگیرکردنە مەترسییە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کردن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکراون بەبێ ئەوەی پێشتر لەلایەن دادگا و دەزگا ئەمنییەکانەوە پێشوەختە ئاگادارکرابنەوە، هەروەها رۆژنامەنووسێکی دیکەش رایگەیاند، دوای 23 رۆژ لە دەستگیرکردن ئەمڕۆ ئازادکراوە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە دوێنێ بەیانی یەكشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023)وە عیماد بیلال، رۆژنامەنووس و پەیامنێری دەزگای باسنیوز لە شاری سلێمانی دەستگیركراوە و ئێستا لە زینداندایە.

عیماد بیلال، یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە دیارەكانی سلێمانی و پەیامنێرێكی چالاكی دەزگای باسنیوزە و ماوەی 10 ساڵە سەرجەم چالاكییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی رووماڵ دەكات.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) رۆژنامەنووس ئازاد بایز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی 11ـی ئەیلوول لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی یەکێتییەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بۆ یەک کاتژمێر و نیو لە ئاسایشی رۆژئاوای چەمچەماڵ هێشتوویانەتەوە و دواتر رەوانەی دژەتیرۆری سلێمانی کراوە.

ئەو رۆژنامەنووسە گوتیشی، "هەندێک تۆمەتی ساختەم بۆ دروست کراوە، کە گوایە بە ناوی خوازراوەوە هەڕەشەم لە خەڵک و لە هونەرمەند کردووە".

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای ئەوەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، سەردانی دادگای سلێمانی دەکات لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەی لەسەر بوونی سکاڵایەک، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت بەبیانووی بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردن (امر قبض)ـی پێشتر.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانەی بۆ دەستگیرکردنی نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا دەرکراوە، هیچ پەیوەندی بەو سکاڵا و ئاگادارکردنەوەیەوە نییە کە ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆیەوە ئەمڕۆ سەردانی دادگای کردووە.

Fly Erbil Advertisment