لە ساڵێکدا زیاتر لە 29 هەزار کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردووە
بەریتانیا: هاتنی کۆچبەری نایاسایی کەمیکردووە

K24 - هەولێر
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە نایاسایی روو لەو وڵاتە دەکەن، بەراورد بە ساڵانی پێشتر کەمیکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2023دا لە رێگەی بەلەم و بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا 29 هەزار و 430 کەس بووە، لەکاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی 2022دا 45 هەزار و 770 کۆچبەربووە، ئەمەش واتە کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی بەرێژەی لە سەدا 36.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشداوە، لە ساڵی 2023دا 112 هەزار مامەڵەی داوکارکردنی مافی پەنابەرێتییان بەدەست گەیشتووە، لە سەدا 67ی داواکارانیش مافی پەنابەرێتییان پێدراوە.
جەختی لەوەشکردەوە، رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو حکومەتی بەریتانیا چەند رێکارێکی نوێی بۆ رێگرتن لە کۆچبەران گرتەبەر، بەشێک لە رێکارەکانیش لەلایەن رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە کۆچبەر و پەنابەران رەخنەی لێگیرا، بەتایبەتی لە رووی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردنی کۆچبەران.