عەلی سەعید: حکومەتی هەرێم لەگەڵ سیاسەتی داخستنی کەمپەکان بە زەبری هێز نییە
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر هەیە
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان رایەگەیاند، لە هەرێمی کوردستان 34 کەمپی ئاوارە هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پلانی ئیداری خزمەتگوزاری لە کەمپەکاندا دەکات، ئەوانیش لە پێنج سێکتەر سەرەکی پێکهاتووە.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان
34 کەمپی ئاوارەکان هەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پلانی ئیداری خزمەتگوزاری لە کەمپەکاندا دەکات، کە ئەوانیش لە پێنج سێکتەر سەرەکی پێکدێن کە بریتییە لە ئاو، کارەبا، کۆکردنەوەی خاشاک، پەروەردە و تەندروستی و رێگاوبان".
گوتیشی: "کۆتایی هێنان بە مەلەفی پەنابەرانی عێراق، بابەتێکی ئاڵۆزە، پێویستە وردتر و حەکیمانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵ بەتایبەت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەیڵێن، ئامادەکردنی چەند پلانێکە بەشێوەیەک لە شێوەکان هیچ پلانکی ستراتیژی نییە، خوێندنەوەیەکی ورد نەکراوە لە دەرەوە و ناوەوەی دۆخی کەمپەکان".
عەلی سەعید، راشیگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی 2016، 2017، دوای پڕۆسەی ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە داعش داگیری کردبوون، پڕۆسەی گەڕاندنەوەکان دەستیپێکرد و بەردەوامبوو، لەسەرەتاوە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو، لە ئێستادا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر هەیە، واتا پڕۆسەی ئارەزوومەندانی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ زێدی خۆیان یاخود وڵاتانی دیکە بەردەوامبووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەی کردووە، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، بەڵام داخستنی کەمپ و بە زەبری هێز ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەوە سیاسەتێکی رەتکراوەیە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان".