بەریتانیا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی پلاتفۆڕمی تیک تۆک بەکاردەهێنێت

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پارە دەدات بە کەسایەتییە ناودارەکان بۆ ئەوەی پەیام لەسەر ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک بڵاوبکەنەوە و داوا لە کۆچبەران بکەن بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئینگلیز نەپەڕنەوە.

کەسایەتییەکانی کاریگەرەکانی سۆشیال میدیا لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری نایاسایی لێیەوە کۆچ دەکەن بۆ بەریتانیا، هەزاران پاوەندیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی یاسا نوێیەکانی کۆچبەری ئاشکرا بکەن، لەنێویاندا هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، بڕیاری پارەدان بە کەسانی کاریگەر بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆچبەران لەبەرنامەی حکومەتدا شتێکی نوێیە.

ئەم پلانە بۆ خۆدزینەوە لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تیک تۆک لەلایەن حکومەتەوە بەکارهێنرا، بەتایبەت دوای نیگەرانییە ئەمنییەکان سەبارەت بە کۆمپانیا چینیەکە، ئەمەش بەو مانایەیە کە وەزارەتی ناوخۆ ناتوانێت راستەوخۆ پلاتفۆڕمەکە قەدەغە بکات.

قاچاخچییەکانی کۆچبەران ئەو پلاتفۆرمە بەکاردەهێنن بۆ ریکلامکردن بۆ رێگای کۆچبەری، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش پێی وایە زۆر گرنگە کۆچبەران بکرێنە ئامانج. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتێکی ڕیکلامی یەک ملیۆن پاوەند کە شانبەشانی جێبەجێکردنی سیاسەتی رواندا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە بەهاردا پێشکەش دەکرێت.

مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو پەرلەمانی بەریتانیا رەشنووسی یاسایی تایبەت بە کۆچبەری پەسەند کرد، کە بە تایبەتی رێگری دەکات لەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا داوای مافی پەنابەری لەم وڵاتە دەکەن، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە رەخنەی ناوخۆیی و ئیدانەکردنی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتەوە.

هەڵمەتە ریکلامییەکە بڕیار وایە لە وڵاتانی ئەلبانیا، عێراق، میسر و ڤێتنام جێبەجێ بکرێن.

Fly Erbil Advertisment