مونا قەهوەچی: دەست بردن بۆ کەیسی پێکهاتەکان تەنها بیانووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخەن

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایگەیاند، لە ماددەکانی 120 و 121ـی دەستوور زۆر بە روون و ئاشکرا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکراوە، هەروەها دەست بردن بۆ کەیسی پێکهاتەکان، تەنها بیانووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخەن.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵنەبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەترسییەکی گەورەیە، بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان کۆکبن، پرۆسەی دیموکراسی کاتێک بەرقەرار دەبێت کە هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.

قەهوەچی گوتیشی: لە ماددەکانی 120 و 121ـی دەستوور زۆر بە روون و ئاشکرا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکراوە، بۆیە ئەو کارەی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی دەستوورە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەیەکێک لە یاساکانی دادگای فیدراڵی ئەوەیە، کە سکاڵاکار نابێت سوودمەند بێت لەو دامەزراوە، بۆیە ئەوکەسەی سکاڵای لەسەر هەمواری یاسایی هەڵبژاردن لە دادگایی فیدراڵی کردووە، ئەوکەسە خۆی سوود مەندە لەو دامەزراوەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەکخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مەترسی نەک لەسەر پێکهاتەکان لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەیە، هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت، بۆ ئەوەیە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

باسی لەوەشکرد، دەست بردن بۆ کەیسی پێکهاتەکان، تەنها بیانووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخەن، ئەگەرنا هیچ کاتێک پێکهاتەکان بەبووینە بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

گوتیشی: "ئەو سکاڵایە لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشکەشکراوە، بۆیە هەرچی زووە دەبێت ئەوسکاڵایە بکشێنێتەوە"، ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.


ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

Fly Erbil Advertisment