گەیلان حاجی سەعید: هەڵوێستمان لەبارەی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی بایکۆتی کاڵای ئێرانمان کرد، ژووری بازرگانیی تاران لە رێگەی میدیاوە داوایکردووە ئەو کارە نەکرێت و بازرگانی وەکو خۆی بمێنێتەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتێک بە مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر ئێمە داوامان لە هاووڵاتی بارزگانانی خۆمان کرد کە بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن، کە ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر هاووڵاتی و بازرگانان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی، دەشڵێت: ژووری بازرگانی تاران لە رێگەی میدیاوە داوایکردبوو ئەو کارە نەکرێت و بازرگانی وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەروەها "تاوەکو ئێستا هەڵوێستمان لەسەر بابەتەکەی خۆمان روونە، داواکەشمان سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای ئێران رەوا بووە".
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
پاشان لە (19ـی کانوونی دوومەی 2024) ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم بازرگانان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.