زیاتر لە 900 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و تێچووی ساڵانەیان 842 ملیۆن دۆلارە

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، زیاتر لە 900 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و تێچووی ساڵانەیان دەگاتە 842 ملیۆن دۆلار لەسەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین کە لەو ژمارەیەیاندا 631 هەزار و 174 ئاوارەی ناوخۆیی (عێراقین) و 269 هەزار و 293 پەنابەرن.
لەبارەی رەگەزنامەی پەنابەرانیشەوە، زۆرترین پەنابەرانی هەرێمی کوردستان هاووڵاتی سووریان کە ژمارەیان دەگاتە 251 هەزار و 475 کەسن، لە دوای ئەوانیش پەنابەرانی وڵاتی ئێران دێن کە ژمارەیان هەشت هەزار و 357 کەسن و پەنابەرانی وڵاتی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە حەوت هەزار و 796 کەس، لەگەڵ بوونی 652 پەنابەری فەڵەستینی و هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیهان.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لە کۆی گشتی پەنابەران و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان 30%ـیان لە نێو کەمپەکان دەژین و 70%ـشیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، کە نزیکەی 110 هەزار خێزانی عێراقیش لەو ژمارەیەدا ئاوارەی هەرێمی کوردستانن.
هاوکات لە هەرێمی کوردستان 33 کەمپ هەیە، کە پەنابەر و ئاوارەکان تێیدا دەژین و بەشێوەیەک رێژەی 41%ـی پەنابەر و ئاوارەیان لە پارێزگای هەولێرن، لە %40 لە پارێزگای دهۆک و لە %19 لە پارێزگای سلێمانین.
لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکانیش بۆ وڵات و ناوچەکانی خۆیان، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، تەنیا چوار هەزار و 41 ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە، بەشێوەیەک لەو ژمارەیەدا، هەزار و 944ـیان ئاوارە بوون و دوو هەزار و 97 کەسی دیکەشیان پەنابەر بوون.
تێچووی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بۆ هەر کەسێک 2,3 دۆلارە، کە بەرامبەر بە نزیکەی ملیۆنێک کەس و بۆ ساڵێک، دەگاتە 842,000,000 ملیۆن دۆلار.
دایکی ئەحمەد، یەکێک لە ئاوارەکانە و لە کەمپی حەسەنشامە بۆ میدیا و زانیاریی ئاماژەی بەوەکردووە: "گوایە حکومەتی عێراق مووچە و زەوی، یان شووقەمان پێ دەدەن، ئێمە هیوادارین قەرەبوومان بکرێتەوە، یان زەوییەکمان پێ بدرێت تا خانووی لەسەر ئاوا بکەین، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە؛ بۆ بژێوییمان پشت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبەستین، هەمیشە یارمەتییان داوین، هەرێمی کوردستان پشتیوانییان کردووین، ئازادیان کردووین لە گەڕانەوە یان مانەوەمان".
لەلایەن خۆیەوە، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە: "ئەو ئاوارانە لە 2014 ەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، چونکە کێشەکانیان چارەسەر نەبووە، نیوەی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن، ئاوارەی شنگالن، ئەمە جگە لە ئاوارەکانی خوارووی عێراق، کە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە تاوەکو بگەڕێنەوە، ئەو هاوکارییەی لەلایەن حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دابین دەکرێت، هاوکارییەکی زۆر کەمن و پێداویستیی ئاوارەکان دابین ناکات، بەڵکو زۆربەی ئەرکەکە لەسەر هەرێمی کوردستانە".