لە راپرسییەکەدا هاووڵاتییانی عێراق داوای خزمەتگوزاری و هەلیکار لە حکومەتە خۆجێییەکان دەکەن

رەوشی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی عێراق
رەوشی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی عێراق

K24 – هەولێر:

دەستەی راوێژکاران راپرسییەک لەبارەی چاوەڕوانیی خەڵکی عێراق لە حکومەتە خۆجێییەکان ئەنجام دەدات و دەپرسێت، پێویستە حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی عێراق لە کوێوە دەست پێکەن.

بە گوێرەی ئەنجامەکانی راپرسی ئەو دەستەیە، 19 هەزار و 433 کەس بەشدارییان کردووە، زیاتر لە 37%ـی بەشداربووان خزمەتگوزارییان هەڵبژاردووە، 35% پشتگیریکردنی وەبەر‌هێنان بۆ رەخساندنی هەلیکار، نزیکەی %6 بەرقەرارکردنی ئاسایش و زیاتر لە 20%ی بەشداربووانیش چاوەڕێی هیچ دەستکەوتێک لە حکومەتەخۆجێییەکان ناکەن.

پێویستە حکومەتە خۆجێییەکان لە کوێ دەست پێ بکەن، ئەمە ئەو پرسیارەیە تیمی رای گشتی، دەستەی راوێژکاران لە راپڕسییەکدا، ئاڕاستەی خەڵکی پارێزگاکانی عێراقی کردووە.

دەستەکە چوار هەڵبژاردەی خستووەتە بەردەم بەشداربووان کە بریتیین لە خزمەتگوزاریی (پەروەردە، تەندروستی، ئاو)، بەرقەرارکردنی ئاسایش، پشتگیریکردنی وەبەرهێنان بۆ رەخساندنی هەلیکار و چاوەڕێی هیچ دەستکەوتێک لە حکومەتە خۆجێییەکان ناکەم.

بەغدا لە پلەی یەکەمی ئەو پارێزگایانە دێت داوای خزمەتگوازریی دەکات، بەشێوەیەک زیاتر لە 43ـی خەڵکی ئەو پارێزگایە دەنگیان بە خزمەتگوازریی پەروەردە، تەندورستی و ئاوداوە. هەر یەکە لە پارێزگاکانینی دیوانییە و نەجەفیش بە رێژیەی 42% و 40% پلەی دووەم و سێیەمان گرتووە.

سەبارەت بە پشتگیریکردنی وەبەرهێنان بۆ رەخساندنی هەلیکار، راپرسییەکە ئاشکرایکردووە، پارێزگای کەرکووک پلەی یەکەمی گرتووە و زیاتر لە 44%ـی بەشداربووان داوای پشتگیریکردنی وەبەرهێنان دەکەن، پارێزگای واست بە رێژەی 42% لە پلەی دووەم و پارێزگای ئەنباریش بە رێژەی 40% لە پلەی سێیەمدایە.

بەرقەرارکردنی ئاسایش، هەڵبژاردەیەکی دیکەی راپڕسییەکە بووە و بەگوێرەی ئەنجامەکان، زیاتر لە 22%ـی خەڵکی میسان داوای بەرقەرارکردنی ئاسایش دەکەن، لەو رووەوە پارێزگای زیقار بە نزیکەی 10% پلەی دووەم و بەسڕەش بە زیاتر لە 8% پلەی سێیەمی گرتووە.

چاوەڕێنەکردنی هیچ دەستکەوتێک لە حکومەتە خۆجێیەکان یەکێکی دیکە بووە لەو هەڵبژاردانەی دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوە، بەشێوەیەک زیاتر لە 20%ـی خەڵکی 10 پارێزگای عێراق چاوەڕێی هیچ دەستکەوتێک لە حکومەتەخۆجێییەکان ناکەن، لەو ژمارەیە سەدا 35 لە پارێزگای سەلاحەدین، 27% پارێزگای بابل و 25%ـیش لە پارێزگای دیوانییە.

Fly Erbil Advertisment