گەنجێکی هەولێر بوو بە یەکەمی پێشبڕکێی سەرتاشیی لە ئەڵمانیا

K24 - هەولێر
گەنجێکی هەولێر توانی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا، پلەی یەکەم لە پێشبڕکێیەکی سەرتاشی بەدەست بهێنێت کە زیاتر لە 250 سەرتاش تێیدا بەشدار بوون.
شێرزاد محەممەد، هاووڵاتییەکی شاری هەولێرە؛ لە ساڵی 2016ـەوە چووەتە ئەڵمانیا و ئێستا لە هەرێمی "نۆرد راینڤێست فالن" نیشتەجێیە.
شێرزاد، بەشداریی لە پێشبڕکێیەکی سەرتاشیدا کرد کە ناوی "TOP-Hair"ـە و ساڵانە بە بەشداریی سەرتاشانی 16 هەرێمی ئەڵمانیا و سویسرا، نەمسا و ڕۆمانیا بەڕێوە دەچێت.
بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 250 سەرتاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکەدا کرد کە لە یەک لە گەورەترین شارەکانی ئەڵمانیا، دوسلدۆرف بەڕێوەچوو. ئەو گەنجە کوردە توانی پلەی یەکەم لە پێشبڕکێیەکەدا بەدەست بهێنێت.
شێرزاد محەممەد بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆی 250 بەشداربوو، 50ـیان گەیشتنە قۆناغی پێش کۆتایی پێشبڕکێیەکە، لەنێو ئەو 50 بەشداربووەدا توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
وەکو خۆی گوتی، چەند گەنجێکی دیکەی کوردی رۆژئاوای کوردستان ئەمساڵ هاوشان لەگەڵی، بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکەدا کرد. ساڵانی رابردووش گەنجانی کورد بەشدارییان تێدا کردووە، بەڵام جاری یەکەمە کوردێک دەبێتە براوەی یەکەمی پێشبڕکێیەکە.



