کەشناسی کرماشان هۆشداری لە بارینی تەزرە و هەستانی لافاو دەدات

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو شەپۆلە باران و سەرماو سۆڵەی لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە سنووری پارێزگاکەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی تا وەکوو ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و هۆشداریش لە بارینی تەزرە و هەستانی لافا دەدات.
محەممەد عەلی زۆراوەند، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی کرماشان بە میدیاکانی ئێران ڕاگەیاندووە، ئەو شەپۆلە بارانەی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە، جگە لە لیزمە باران بە پچڕ پچڕ لەگەڵ هەورە بروسکە، ئەگەری بارینی تەزرەش لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگاکە هەیە.
هەروەها ئاماژەیداوە، دۆخی کەشوهەوای کرماشان هەر وەک چۆن لە ئێوارەی سێشەممە (9ی نیسانی 2024) بە پرتەقاڵی دیاریکرا، بە هۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە دۆخەکە تا وەکوو سبەی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
زۆراوەند هۆشداریشی داوە لە هەستانی لافاو لە ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکە، بە تایبەتی لە نیوەی رۆژئاوا و چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کرماشان.
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی کرماشان، ئەمڕۆ و سبەی پلەکانی گەرما بە ڕێژەیەکی کەم دادەبەزن، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی هەینی دابەزینی پلەکانی گەرما زیاتر دەبێت.
هەروەها بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەست کوردستان24 گەیشتووە، ئێوارە دوێنێ لە ڕانسەر تەزرە بارینەکە زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێک و ماڵێک گەیاندووە.
