حکوومەت پشتیوانیی دارایی پێشکەش بەو هاووڵاتییانە دەکات کە ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە کوردستان

K24 - هەولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی دارایی و مەعنەوی پێشکەش بەو هاووڵاتییانە دەکات کە ئارەزوومەندانە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ڕایدەگەیەنێت: سیستەمی گەڕانەوەی نیشتمانی، وەکو چەترێکە کە هەموو لایەنە خزمەتگوزارییەکانی لەخۆ گرتووە.
ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان ڕایگهیاند، سیستەمی گەڕانەوەی نیشتمانی(NRM) لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتیی ئەورووپا و ڕێکخراوی IOM ی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ دانراوە.
هاوکات دەشڵێت: سیستەمەکە وەکو چەترێکە کە هەموو لایەنە خزمەتگوزارییەکانی لەخۆ گرتووە؛ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئەو هاووڵاتییانەی کە ئارەزوومەندانە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە هەرێم، ئەمەش لە پێناو هاوکاریی و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.
هەر لەوبارەیەوە محەممەد چالاک، بەرپرسی هۆبەی سیستەمەكەیە ڕایدەگەیەنێت، بە زووترین كات بە گوێرەی پێداویستیی ئەو هاووڵاتییانەی خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی ئەو شوێنانەیان دەکەین کە پێویستییان پێیە و هاوكاریی جۆراوجۆریان پێشكەش دەكەین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی هاووڵاتییانی گەڕاوە لە وڵاتانی دیکە دەکات، تاوەکو تێکەڵ بە کۆمەڵگەی خۆیان ببنەوە، لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە 198 هاووڵاتیی گەڕاوە لەو خزمەتگوزارییانە سوودمەند بوون، بڕیاریشە لەماوەی داهاتووی نزیکدا هەمان سیستەم لە پارێزگاکانی دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان پەیڕەو بکرێت.