توێژینه‌وه‌یه‌ك: مرۆڤ دوای 250 ملیۆن ساڵی دیكه‌ له‌ناو ده‌چێت

K24 - هەولێر:

توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ڕه‌گه‌زی مرۆڤ دوای 250 ملیۆن ساڵی دیكه‌ له‌ناو ده‌چێت؛ ده‌شڵێت، لە ماوەی 250 ملیۆن ساڵدا هەموو کیشوەرەکانی زەوی بەیەکەوە دەجووڵێن و کیشوەرێکی سەروو دروست دەکەن.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە زاری شارەزایانی زانکۆی بریستۆڵەوە كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێیان پێشكه‌ش كردووه‌ و به‌ "تاریك" ناو براوه‌، بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشبینی دەکرێت کەڕەگەزی مرۆڤ لە ماوەی 250 ملیۆن ساڵدا لەناو بچێت، بەڵام ئەمە ڕوو دەدات ئەگەر مرۆڤ له‌ ئێسته‌دا واز لە سووتاندنی سووتەمەنی (به‌ردین)ـی بهێنێت.

توێژینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ هه‌ساره‌ی زه‌وی ڕووبەڕووی لەناوچوونێکی بەکۆمەڵ دەبێتەوە کە ھەموو شیردەرەکان لەناو دەبات بە مرۆڤیشەوە.

شارەزایان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، هەر جۆرە ژیانێک کە تا ئەو کاتە (دوای 250 ملیۆن ساڵ) لەسەر زەوی بمێنێتەوە، دەبێت مامەڵە لەگەڵ پلەی گەرمی لە نێوان 104 بۆ 158 پلەی فەهرەنهایت واته‌ (40 بۆ 70 پلەی سەدی) بکات، کە ئه‌مه‌یش به‌ دوور ده‌زانرێت.

بەڵام حیسابات و لێكدانه‌وەکانی ئه‌م زانایانه‌ ئەو گازە گەرمخانەییە جیهانییانە لەبەرچاو ناگرن کە بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی و سەرچاوەی دیکەی مرۆڤەوە دەردەچن، بۆیە پێدەچێت وادەی له‌ناوچوونی مرۆڤ نزیکتر بێت.

توێژینەوە نوێیەکە لە لایەن ئەلێکساندەر فارنسوۆرسه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌، ده‌ڵێت، ئەمە یەکەم لەناوچوونی بەکۆمەڵ دەبێت لە دوای كاره‌ساتی له‌ناوچوونی دایناسۆرەکان نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.

فارنسوۆرس دەڵێت: "ئاسۆی ئایندەی دوور زۆر تاریک دەردەکەوێت، دەکرێت ئاستی CO2 دوو هێندەی ئاستی ئێستا بێت. مرۆڤ لەگەڵ زۆرێک لە جۆرەکانی دیكه‌دا بەهۆی نەتوانینی ڕزگاربوونیان لەم گەرمایە لە ڕێگەی ئارەقەوە، و ساردکردنەوەی جەستەیان دەمرن."

بەگوێرەی توێژەران، لە ماوەی 250 ملیۆن ساڵدا هەموو کیشوەرەکانی زەوی بەیەکەوە دەجووڵێن و کیشوەرێکی سەروو دروست دەکەن.

زەوییەکە شێوەیەکی وه‌ك كێكی دەبێت و دەریایەکی ناوخۆیی لە ناوەڕاستیدا دەبێت، کە تەنیا شتێکە لەو کاتەدا لە زەریای ئەتڵەسی دەمێنێتەوە و هاوکات زەریای هێمن دەوروبەری زۆرینەی ڕووبەری ئه‌و زەوییه‌ ده‌ور ده‌دات.

Fly Erbil Advertisment