عێراق.. داوا دەکرێت ڕێگە لە زیادبوونی دانیشتوان بگیرێت

K24 - هەولێر

شارەزایان هۆشداریی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و لەدایکبوونی زیاتر لە ملیۆنێک منداڵ لە ساڵێکدا دەدەن. جەختیش لەوە دەکەنەوە، نەبوونی سیاسەتێکی گونجاو و ژێرخانێکی باشی ئابووری، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری.

لە سەروبەندی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و لەدایکبوونی زیاتر لە ملیۆنێک منداڵ لە ساڵێکدا، جارێکی دیکە پرسی یاسای سنووردارکردنی منداڵبوون دێتەوە کایەوە. شارەزایان دەڵێن، نەبوونی پلانی باش لە وڵاتێکدا کە تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت، مەترسی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان هێندەی دیکە زیاد دەکات، چونکە ئەمە بەو واتایە دێت وڵات لە بەردەم ئاستەنگێکی ئابووری و چەند هێندەبوونی ڕێژەی بێکاریی دایە.

ئەحمەد سەڕاجی، شڕۆڤەکاری سیایی ڕایگەیاند، "تەقینەوەی ژمارەی دانیشتووان، لە تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی مەترسیدارە و پرسەکە پێویستی بە کۆنترۆڵ و ڕێکخستنەوەیەکی باش هەیە، چونکە عێراق خەسڵەتەکانی ولاتێکی سەرکەوتووی تێدا نییە و لە ڕووی ئابوورییەوە تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە داڕشتنی یاسایەک بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی منداڵبوون، نەوەکانی داهاتوو ڕزگار دەکات".

عەباس ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس باسی لەوە کرد، "نەبوونی گەشەسەندنێکی درێژخایەن و پلانی برەودان بە کەرتی تایبەت و گشتی، بۆ ئەوەی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووان لە خۆی بگرێت، دەبێتە هۆی زۆربوونی رێژەی بێکاریی و دواجار سوپایەک بێکارمان دەبێت".

وەزارەت پلاندانانی عێراق لەسەر زاری گوتەبێژەکەی باس لە نووسراوێکی نیشتمانی تایبەت بە دانیشتووان دەکات، بۆ ئەوەی ژمارەی گەورەی دانیشتووان لەخۆ بگرێت.

عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بە شێوەیەک ژمارەکە ساڵانە یەک ملیۆن زیاد دەکات، لەوانەیە ئێستە 44 ملیۆنی تێ پەڕاندبێت، ساڵی ڕابردوو بەڵگەنامەی نیشتمانی سیاسیەتی دانیشتووانمان ڕاگەیاند، بۆیە چەندین ڕەهەندمان لە بەردەم دایە، ئامانجیشمان لە خۆگرتنی ئەو زۆربوونە و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانە لە هەموو قۆناغەکاندا".

لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و لەدایکبوونی یەک ملیۆن منداڵ لە ساڵێکدا، لە 10 ساڵی داهاتوو ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە شەست ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە، ئەمەش بارودۆخی ئابووری سەختتر دەکات و شارەزایانیش جەخت دەکەنەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، یاسایەک بۆ سنوورداکردنی ڕێژەی منداڵبوون دابڕێژرێت.

 

Fly Erbil Advertisment