هەولێر ڕێژەی ستانداردی جیهانیی لە سەوزایی تێپەڕکردووە

چاندنی دار و گــوڵ لەنێو شاری هەولێر
چاندنی دار و گــوڵ لەنێو شاری هەولێر

K24- هەولێر

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی بەرنامە و سیاسەتی ژینگەی پەیڕەو کردووە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

هەولێر و ئامێدی رێژەی ستانداردی جیهانیان بۆ بوونی سەوزایی تێپەڕ کردووە، لە کاتێکدا عێراق لە لیستی پێنجەم وڵاتە کە زۆرترین کاریگەری خراپی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، لەو وڵاتانەشە کە کەمترین رێژەی سەوزایی هەیە.

عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن بۆ دیارکردنی توانا و هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ماوی 10 ساڵ.

هەوڵەکان بۆ ڕێگری کردن لە بیابان بوون و کەمبوونەوەی ئاو و سەوزایی چەند ساڵێکە بەچڕی کاری لەسەر دەکرێت، دەرئەنجامەکەی لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە.

پارکی سامی عەبدولڕەحمان لەسەر ڕووبەری 800 دۆنم نزیکەی 170 هەزار داری تێدایە، کاریگەری زۆری لەسەر رێژەی سەوازیی و کەشوهەوای شارەکە دروستکردووە.

جەمیل حوسێن، بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر ڕایگەیاند، 750 دۆنم لە زەوی پارکی سامی عەبدولڕەحمان سەوزاییە بەو 170 هەزار دارەی لێی چێندراوە، کاریگەری لەسەر کەشوهەوای شارەکە کردووە.

عێراق وەک پێنجەم وڵات بۆ داڕمانی کەشوهەوا دیاریکراوە، بەو پێیەی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نەبارینی بڕی پێویستی باران، زیادبوونی وشکەساڵی و کەمی ئاو، لەگەڵ خۆڵ بارین و بە بیابان بوون و لافا و تێکچوونی سیفەتی خاک.

فەرمان خەلیل، لە تیمی راوێژکارانی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر گوتی، کۆمەڵێک پرۆژە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکران و کاریگەریان لەسەر کەشوهەوا کردووە، لەوانەش کۆکردنەوەی ئاوی گۆمەسپان و بەنداوی بەستۆڕە، ژمارەیەک پۆندیش لە دەورووبەری هەولێر دروستکراون و ئاوی بارانیان تێدا کۆ دەکرێتەوە، ئەو پۆندانە مەترسیەکانی لافاو لەسەر شاری هەولێر کەم دەکەنەوە و ئاوەکەی بەکار دێتەوەو سوودی لێ وەردەگیرێت.

 

 

Fly Erbil Advertisment