عێراق.. ئەفسەرێک لەناو باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی خۆی کوشت

K24 - هەولێر
ئەفسەرێکی ئێشکگر لەناو باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق خۆی کوشت؛ هۆی خۆکوشتنەکەیشی ئاشکرا نییە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە مێدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، ئەفسەرێکی ئێشکگر لەناو باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ناوەڕاستی شاری بەغدا خۆی کوشتووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو ئەفسەرەی خۆی کوشتووە ناوی (س. م.)ـە و پلەی "عەقید"ـی هەبووە؛ تاوەکو ئێستاش هۆی خۆکشتنەکەی ئاشکرا نەبووە.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەفسەرەکە بەرپرسی پاراستنی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بووە و سەر بە هێزەکانی پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ساڵی 2022 هەزار و 73 هاووڵاتیی دانیشتووی بەغدا خۆیان کوشتووە و لە ساڵی 2023ـش ڕێژەکە سەدا 3.89 زیادی کردووە. چاودێران هۆی زیادبوونی دیاردەی خۆکوشتنی هاووڵاتییانی عێراق بۆ هەژاری، گەندەڵی، بێکاری، ناکۆکیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگەڕێننەوە.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە کۆی 187 ئەو وڵاتانەی ڕێژەی خۆکوشتنی هاووڵاتییان تێیاندا بەرزە؛ عێراق لە ڕیزبەندی 13ـەم دێت. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕێژەی خۆکوشتنی هاووڵاتییان بەتایبەت لەنێو چینی گەنجان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.