بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئاو بەفیڕۆ نەدەن

بەشێک لە هاووڵاتیان ئەو ئاوەی پێیان دەدرێت بۆ کاری دیکە بەکاری دەهێنن وەکو بەردەرگا و ئۆتۆمبێل شوشتن کە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی بەفیڕۆدانی ئاو، لە کاتێکدا بەرەو وەرزی هاوین دەچین و بەهۆی ئامێرەکانی فێنکەرەوە ڕۆژانە هاووڵاتیان زیاتر پێویستیان بە ئاو دەبێت.
لەو بارەوە هاووڵاتییەک بە کوردستان24ـی گوت: ئەگەر خەڵک "تەوافەی" هەبێت ئاو زۆر بەفیڕۆ نادات، ئەگە تەوافەکەی هەبێت خۆی دەیگرێتەوە و شتێکی باشە، دەشڵێت: ئەوەی پێوەری ئاویشی هەبێت ئاگاداری ئاوەکەی دەبێت و بەفیڕۆی نادات.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر هاووڵاتیاندا، ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی پێنج سەد هەزار مەتر سێجا ئاوە، لە کاتێکدا ڕۆژانە پرۆژەکانیان نزیکەی سێ سەد هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێنن، پرۆژەیەکی نوێش کاری تێدا دەکرێت ئەگەر تەواو ببێت، ئەوا دەتوانێت ڕۆژانە سێ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ سلێمانی زیاد بکرێت. هاوکات، دانانی پێوەری ئاویش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، کە تا ئێستا 190 هەزار هاوبەشی ئاو پێوەری ئاویان بەستووە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی، ئاو لە پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان وەردەگرن، دەکرێ ئەوانە هەموویان بە گیانێکی هاووڵاتی بوون هاوکاریمان بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەو هاووڵاتیانە هاوکاری ئێمە بن لە بەفیڕۆنەدانی ئاو لەو ملیۆن هاووڵاتییە ئەگەر ڕۆژانە یەکی یەک لیتر کەمتر ئاو بەفیڕۆ بدات، ئەوە ملیۆنێک لیتر ئاومان بۆ ئەگەڕێتەوە و دەیدەن بەو شوێنانەی گرفتی کەم ئاویان هەیە.
ئاو سەرچاوەی ژیانە ئەرکی هەمووانیشە پارێزگاری لێبکەن، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوینیش خواست لەسەر ئاو زیاتر دەبێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاویش داوا دەکات هاووڵاتیان لەو وەرزەدا بەپێی پێویست ئاو بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بەیەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش بکرێت.