زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار بەسەر منداڵانی بێباوک دابەش دەکرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر، زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار بەسەر منداڵانی بێباوک دابەش دەکات.
لەو بارەوە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیوادارین لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، گشت "ئازیزێک" واتە بێباوکێک لەو پرۆژە سوودمەند بێت کە پڕۆژەیەکی گشتگیر و پەروەردەیی و جۆرییە.
باسی لەوەش کرد، ناوەندی توێژینەوە هەبووە لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانی، توێژینەوەی لەسەر کارەکانی دەزگای خێرخوازی و پڕۆژە کردووە، کە ئەو پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری هەبووە لەسەر ئەو سوودمەندانەی لە پرۆژەکەدا سوودمەندن.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەشڵێت: یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە هەرکەسێک لەو پرۆژەیە سوودمەند بێت، دەبێت بخوینێت؛ ئەوەش وای کردووە ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی کارەساتێکەوە باوکیان گیانیان سپاردووە و لە خوێندن دابڕاون زۆر کەم بێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پڕۆژەی هاوکاریکردنەکە دەست بەکارەکانی دەکات، لە شارەکانی "هەڵبجە، سلێمانی، گەرمیان، کەرکووک، هەولێر، سۆران، زاخۆ، دهۆک، شنگال، موسڵ، ئەنبار و بەغدا"، گوتیشی: ئەو پڕۆژەیە لە عەفرینیش ڕادەگەینرێت کە بۆ جاری یەکەمە 108 منداڵ لەو شارە سوودمەند دەبن.
موسا ئەحمەد ڕاشیگەیاند، "ژمارەی سوودمەندان لە پڕۆژەی هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، 11 هەزار و 775 منداڵ سوودمەندن لەو پڕۆژەیە. هەروەها بۆ ئەوماوەیە سێ ملیۆن و 551 هەزار و 425 دۆلاریان بەسەر دابەش دەکرێت. هەروەها پڕۆژەی کوردستان، سێ هەزار و 470 ئازیز لێی سوودمەندن، ئەوانەش یەک ملیۆن و 23 هەزار و 720 دۆلاریان بەسەر دابەش دەکرێت"، دەشڵێت: "ئەمڕۆ 15 هەزار و 245 منداڵ سوودمەندن لەو پڕۆژەیە و هاوکارییان بەسەر دابەش دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، هەوڵمانداوە هاوسەنگی باش هەبێت لە نێوان پارێزگا و شارەکاندا، کە لە هەولێر 3568 منداڵ سوودمەندن، لە دهۆک 2733 منداڵ، لە سلێمانی 1882 منداڵ، کەرکووک 1504 منداڵ، گەرمیان 1734 منداڵ، هەڵەبجە 160 منداڵ، لە نەینەواش 231 منداڵ و لە ئەنبار و بەغدا و تکریت 408 منداڵ سوودمەندن.