كه‌رخی ئاڵتی به‌رماخ: نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی كورسیی پێكهاته‌كان كراوه‌

كه‌رخی ئاڵتی به‌رماخ
كه‌رخی ئاڵتی به‌رماخ

سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتیی توركمان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پێكهاته‌كان به‌هۆی نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ناتوانن به‌شێوه‌ی پێویست به‌شدارییه‌كی كارا و ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن.

ڕۆژی هه‌ینی 7ـی حوزه‌یرانی 2024، كه‌رخی ئاڵتی به‌رماخ، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتیی توركمان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، به‌ هه‌وڵی سه‌رۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانرا پێنج كورسی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پێكهاته‌كان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

كه‌رخی ئاڵتی به‌رماخ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی كورسیی پێكهاته‌كان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتیی توركمان باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌ دابه‌شكردنی كورسییه‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكان، زیان به‌ پێكهاته‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.

كه‌رخی ئاڵتی به‌رماخ گوتیشی، به‌هۆی ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌، ده‌نگی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك خۆی ناگات.

سێشەممە 21ـی ئایاری 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمان و دهۆک دابەش دەکرێن.

پێشتر دادگەی فیدراڵیی  بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بە پشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 5ی ئەیلوولی 2024ی پێشنیاز کردووە و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

Fly Erbil Advertisment