کوردستان24 لەگەڵ ڕزگاربووانی یەختەکەی ئیتاڵیا قسە دەکات

K24 – رۆما:
کوردستان24 لەگەڵ ژمارەیەک ڕزگاربووانی یەختەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا قسە دەکات کە ئێستە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ڕزگاربووەکان، بە ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاندووە: لە یەختەکەدا 76 کەس بوون کە زۆرینەی کورد بوون و دانیشتووی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، لەگەڵ دوو خێزانی ئەفغانی.
ڕزگاربووەکان باس لەوەش دەکەن، لەنێو یەختەکەدا 27 منداڵ و ئافرەتی دووگیانیان لەگەڵدا بووە و ماوەی پێنج ڕۆژ، دوای نقوومبوونی یەختەکەیان لە ئاودا ماونەتەوە تاوەکوو پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەهانایانەوە چوون.
ڕزگاربوویەکی دیکەی یەختەکە بە ناوی ئاکۆ قازی زادە، گوتی: لە یەختەکەدا، قاچاخچییەکان ئاوی خواردنەوەیان ئامادە نەکردبوو، دوای سێ ڕۆژ لە ناو دەریا، یەختەکەیان کون بووە و ئاو چووەتە ناوی و دواتر بەشێکی یەختەکە نوقووم بووە و بە بەرچاوی ئەمانەوە، زۆربەیان خنکاون.
ئەو ڕزگاربووە باسی لەوەش کرد: تا ئەو کاتە بەهانایانەوە چوون، 12 کەس بە زیندوویی مابوونەوە و لەکاتی ڕزگارکردنیاندا کەسێکی دیکەشیان گیانی سپاردووە و ئێستا لە کۆی 76 سەرنشینی یەختەکە، تەنیا 11 کەسیان ڕزگاریان بووە.
هاوکات ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ چەند ڕزگاربوویەکی دیکە قسەی کردووە و باسی لەوە کرد: ئەوان لە دۆخێکی خراپی دەروونیدان بەهۆی ئەوەی نزیکترین کەسەکانی خۆیان بە بەرچاوی خۆیانەوە لەدەست داوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: ڕزگاربووەکان پەشیمانن لەوەی ئەو ڕێگەیان گرتەبەر و خۆیان و کەسوکاریان کردووەتە قوربانی، بەڵام چونکە باجێکی زۆریان داوە، نایانەوێت بگەڕێنەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، داواش لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەن ئەو ڕێگە مەترسیدارە نەگرنە بەر.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیتالیای و نەخۆشخانەی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا بەدواداچوون دەکەن بۆ دۆزینەوەی تەرمی بزربووەکان.
شاندی حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردووەتەوە: هاوکاریی گەڕانەوەی ڕزگاربووەکان دەکەن ئەگەر خۆیان بیانەوێت، هەروەها هەموو ئاسانکارییەک دەکەن لەگەڵ حکوومەتی ئیتالیا بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان.
ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.