جەنگی مەجید: هاوردەکردنی بەنزین بە ڕووی بەنزینخانە بازرگانییەکاندا سنووردار کراوە

جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ڕایدەگەیەنێت، چەند هۆکارێک لەپشت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینن لەوانە خواستێکی زۆر لەسەر بەنزین هەیە. هاوکات داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات ڕێژەی پێدانی بەنزینی حکوومی بە بەنزینخانەکان لە 20 تانکەری ڕۆژانە بۆ 40 تانکەر بەرز بکاتەوە.

یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ کوردستان24 ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: چەند هۆکارێک لەپشت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینن لەوانە خواستێکی زۆر لەسەر بەنزین هەیە و هاوردەکردنی بەنزینیش بە ڕووی بەنزینخانە بازرگانییەکاندا سنووردار کراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، ڕێژەی پێدانی بەنزینی حکوومی بە بەنزینخانەکان لە 20 تانکەری ڕۆژانە بۆ 40 تانکەر بەرز بکاتەوە و، سنورداریش لەسەر هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی کەم بکاتەوە.

هاوکات گوتی: پێدانی بەنزینی حکوومی بە بەنزینخانەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەردەوامە و نرخەکەشی نەگۆڕاوە بۆ لیترێک هەر 750 دینارە، کوالێتییەکەشی هەر وەکو خۆیەتی.

Fly Erbil Advertisment