ئامانج هەرکی: گەندەڵیی لە سێکتەریی کارەبای عێراق کراوە

ئامانج هەرکی، ئەندامی لێژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق
ئامانج هەرکی، ئەندامی لێژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراقدا گەندەڵیی زۆر لە سێكتەری کارەبادا کراوە، بۆیە نەتوانراوە کێشەکانی کارەبا چارەسەر بکرێن.

پێنجشەممە (27ـی حوزەیرانی 2024)، ئامانج هەرکی، ئەندامی لێژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی کارەبای عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی کارەبا کار  بۆ چارەسەریی کێشەی کارەبا دەکەن، دەشڵێت، دۆسێی کارەبا لە عێراق پەکی کەوتووە، پێی وایە ئەو کێشەیە لایەکی دەکەوێتە سەر حکوومەت و ئەوەی دیکەشی دەوەستێتە سەر خەڵک، گوتی، عێراق پێوستی بە نزیکەی 40 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لە ئێستادا 24 هەزار 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، 800 مێگاواتی دیکەش لەڕێگەی چەند هێلێکەوە لە وڵاتان دەکڕێت، بەڵام گرفتی سەرەکی نەبوونی هێلی گواستنەوەی کارەبایە لە عێراقدا.

ئامانج هەرکی ئاشکرای دەکات، شارەکانی باشووری عێراق نزیکەی هەشت هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنن کە لە پێویستی خۆیان زۆر زیاترە، بەڵام ناتوانن بیگوازنەوە شارەکانی دیکە بەهۆی نەبوونی هێلی گواستنەوە، گوتی، بەتەنها بەغدا پێوستی بە 10 مێگاوات کارەبا هەیە لەو پلە گەرمایە زۆرەی ئێستا هەیە.

گوتیشی، لە 2003 ەوە تۆڕەکانی کارەبا لە عێراق کاریان لەسەر نەکراوە، بەهۆی ئەو گەندەڵییەی پێشتر لەو سێکتەرە کراوە، دەشڵێت، چارەسەریی کێشەی کارەبا ئاسان نییە و بە رۆژێک و دوو ناکرێ، ئاماژەی بەوە کرد کە، بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی کردووە، بەڵام کێشەی گواستنەوەی هەیە.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق ئاشکرای کرد، وەزیری کارەبا بانگی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی هاووڵاتییان بداتەوە لەبارەی دۆخی خراپی کارەبا، دەشڵێت،  لەو دۆخەی ئێستا، عێراق ناتوانێت کارەبای زیاتر بدات، بەڵام شەش کۆمپانیا ڕێککەوتنیان کردووە کە لە وزەی خۆر کارەبا بۆ عێراق دروست بکەن.

 

Fly Erbil Advertisment