عه‌لی ناسر: بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح له كاره‌بای عێراق به‌فیڕۆ دراوه

شاره‌زایه‌كی سیاسیی ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی كاره‌با، نه‌بووه‌ته مایه‌ی چاره‌ی كاره‌با و عێراقییه‌كانی ناچار كردووه له دژی خۆپیشاندان بكه‌ن.
هه‌ینی 28ـی حوزه‌یرانی 2024، عه‌لی ناسر، شاره‌زای سیاسیی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، پرسی كاره‌با یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ی له ماوه‌ی 21 ساڵی ڕابردوودا بووه‌ته پرسێكی دووباره و چه‌ندانباره و له هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵدا هاووڵاتییانی عێراق ڕووبه‌ڕووی خراپی دۆخی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌بنه‌وه.
عه‌لی ناسر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح بۆ كاره‌با دابین كراوه و خه‌رج كراوه، به‌ڵام ئه‌م بودجه‌یه نه‌بووه‌ته مایه‌ی چاره و عێراقییه‌كانی ناچار كردووه له به‌رانبه‌ریدا ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه.
ئه‌و شاره‌زا سیاسییه باسی له‌وه‌ش كرد، چاوه‌ڕوان ده‌كرا دوای دابینكردن و خه‌رجكردنی ئه‌و هه‌موو پاره و بودجه زه‌به‌لاحه دۆخی كاره‌بای عێراق باش ببێت، به‌ڵام دۆخه‌كه ڕۆژانه خراپتر ده‌بێت.
ناوبراو گوتیشی، هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی كاره‌با، نه‌بووه‌ته مایه‌ی چاره‌ی كاره‌با، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به‌فیڕۆدانی ملیاران دیناری عێراقی له بابه‌تێكدا كه هیچ چاره‌یه‌كی پێ ناكرێت.
ڕۆژی 1ـی ئایاری 2019، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق له بهرلینەوە ڕایگه‌یاند، "كۆمپانیای سیمینس" شایسته‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه، كه زۆربه‌ی داواكارییه‌كان جێبه‌جێ بكات و زۆربه‌ی به‌شه‌كانی گرێبه‌ستی پڕۆژه‌یه‌ك بباته‌وه، كه به‌هاكه‌ی 14 ملیار دۆلاره و سه‌رله‌نوێ ژێرخانی كاره‌بای عێراق ڕێك بخاته‌وه و تۆكمه‌ی بكاته‌وه".
كۆمپانیای "سیمینس"ـی ئه‌ڵمانی لای خۆیه‌وه ڕایگه‌یاند: "به كرده‌یی سێ گرێبه‌ستیان به به‌های 700 ملیۆن دۆلار مۆر كردووه، یه‌كێكیان بۆ بونیادنانه‌وه‌ی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه، كه به غاز و به توانای 500 مێگاوات كار ده‌كات. یه‌كێكی دیكه‌شیان پێشخستنی 40 تۆڕباینی غازه. سێیه‌میش چاككردنه‌وه و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ده‌یان وێستگه‌ی به‌هێزكردن و بگۆڕه‌كانی سه‌رانسه‌ری عێراقه".
هه‌روه‌ها نهخشهڕێگهیهك مۆر كرا له نێوان جۆ كایسر، سه‌رۆكی كۆمپانیای سیمینس و لوئه‌ی خه‌تیب، وه‌زیری كاره‌بای عێراق، بۆ بونیاتنانی سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نوێ و پێشخستنی وێستگه‌كانی كاره‌با و فراوانكردنی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با.
ڕۆژی 16ـی شوباتی 2023، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه، له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بۆ پێشخستنی كه‌رتی كاره‌با له عێراق و له ژێر چاودێریی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی كاره‌با یاداشتێكی لێتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئه‌لیكتریكی GE ئه‌مریكی مۆر كرد.
ڕایشیگه‌یاندبوو، ئه‌م یاداشته چه‌ند ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كیی لەخۆ گرتووه، كه ده‌بێته هۆی پێشخستنی سیسته‌می كاره‌با له بواری به‌رهه‌مهێنان و زیادكردنی تواناكان و بواری گواستنه‌وه و چاككردنه‌وه و ڕاهێنانی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی غازی كاربۆن به مه‌به‌ستی پشتگیریی گۆڕینی وزه له عێراق.