ئۆڤەر پاسێک بۆ شارەدێی باسرمە دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری شارەدێی باسرمە ڕایگەیاند، بەگوژمەی دووملیار دینار ئۆڤەر پاسێک بۆ شارەدێی باسرمە دروست دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، ڕەزا ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی باسرمە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی ئۆڤەر پاس لەو سنوورە سەرپێچی هاتوچۆ زۆر بووە، بۆیە دروست کردنی ئەم ئۆڤەر پاسە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سەرپێچی و ڕووداوی هاتوچۆ.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ماوەیەکی زۆرە کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئۆڤەر پاسە".ئەوەشی خستە ڕوو، "ئەگەر بێتو لە باسرمە بچیتە هەریر، دەبێت بچیتە نزیک شەقلاوە بۆ سووڕانەوە، چونکە هیچ پێچکردنەوەیەکی لێ نییە، ئەو ئۆڤەر پاسەش ئاسانکارییەکی باشە بۆ شۆفێران".
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، "دروستکردنی ئەم ئۆڤەر پاسەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە و دەکەوێتە بەرامبەر شارەدێی باسرمە، بە گوژمەکەی دوو ملیار دینار".
ڕەزا ئەحمەد ڕاشیگەیاند، "دروستکردنی ئەم ئۆڤەر پاسەکە لەسەر داواکاری هاووڵاتییانی ناوچەکەیە بۆ ئاسانکاری و کەمکردنەوەی ڕووداوەکان، هەروەها لە دوای 29ـی مانگ، ڕاستەوخۆ دەست بە دروستکردنی ئۆڤەر پاسەکە دەکرێت".