یەک لەسەر چواری دانیشتووانی عێراق لە خانووی هەڕەمەکیدا دەژین

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت: تاوەکو ساڵی 2027 پێویستە لە عێراق چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی دروستبکرێن، فەرمانگەی رووپێوی نیشتمانیش ئاماژە بەوە دەکات، 74%ـی هاووڵاتیان لە عێراق خاوەنی خانووی خۆیانن لە 26% یان کرێچین یان لەیەکەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکیدان.
سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت یەک لەسەر چواری دانیشتووانی عێراق لە خانوو یان یەکەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکیدا دەژین، هۆکارەکەشی بۆ دۆخی خراپی خێزانەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری لەلایەک و کەمبوونەوەی داهاتی تاکەکەسی لەلایەکی دیکە دەگەڕێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی عێراق لەپلانیدایە 120 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، بابل و کەربەلا دروست بکات، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی سەنتەرەکە تاوەکو ساڵی 2027 بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێبوون پێویستە چوار ملیۆن یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون دروستبکرێن.
سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆکاری چارەسەرنەکردنی قەیرانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە حکوومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی بۆ دروستکردنی شاری نیشتەجێبوون بەگوێرەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان تەرخان نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ پلانێک نییە بۆ فراوانکردنی شارەکان و دابەشنەکردنی ئەو زەویانەی کە خزمەتگوزاری شارەوانییەکان دەیانگرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان کورتهێنان لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەردوو ساڵی 2023 و 2024 زیاتر لە 26% بووە، لە بەغدا بەرێژەی 31% و پارێزگای نەینەوا بە رێژەی 28% و پارێزگای بەسرە بەرێژەی 10% رێژەی ئەو کورتهێنانە پێک دەهێنێت.
بەگوێرەی داتایەکی فەرمانگەی رووپێوی نیشتمانی رێژەی 74%ـی دانیشتووانی عێراق خاوەنی خانووی خۆیانن، رێژەی 26%ـیان کرێچین یان لە یەکەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی دروستکراودا دەژین.
لەوچوارچێوەیەدا عەلی حەیانی توێژەری ئابووری تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسەو رایدەگەیەنێت: قەیرانی نیشتەجێبوون لە عێراق درێژخایەنە و ئەو پڕۆژانەی کە حکوومەتی عێراق بەنیازە جێبەجێیان بکات تەنیا رێژەی 20% بۆ 25 % کورتهێنان پڕ دەکاتەوە. دەشڵێت: 17 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە لەقۆناغی جێبەجێکردندان بەڵام لە ئێستاوە بەسەر بەرپرسانی باڵاو کەسانی دەستڕۆیشتوودا دابەشکراون.
حەیانی ئاماژە بەوەش دەکات، لەساڵی 2007ـەوە حەوت هەزار پڕۆژەی نیشتەجێبوون جێبەجێکراون کەتەنیا پڕۆژەی قازانج بەخشبوون و نەک پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی مرۆیی.