وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی کار بۆ سەوزکردنەوەی دارستانە سووتاوەکان دەکەن

کۆبوونەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوی خۆراکی جیهان
کۆبوونەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوی خۆراکی جیهان

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ ستافی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی، کار بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ و ئاودێریی کوردستان و سەوزکردنەوەی دارستانە سووتاوەکان دەکەن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لێژنەیەکی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ تیمێکی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە جێبەجێکراوەکان و ئەو پڕۆژانەی کە لەقۆناغی کارکردندان. هاوکات، ئەو پڕۆژانەی لە پرۆسە و نەخشەڕێگەدان، بەتایبەتی لەبوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەش و هەوا و کەمکردنەوەی کاریگەریی و ئاڵەنگەرییەکانی بە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و توانای بەڕێوەبردنی نەمامگەکان، لەگەڵ پاڵپشتی کردنی هەنگەوانان و کردنەوەی خولی ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی دەرچووانی کشتوکاڵی، سەرباری ڕەخساندنی دەرفەتی کار و بەپیشەسازیکردنی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران .

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا  جەختکرایەوە  سەر بایەخدان بە دابنیکردنی ئامێری تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردن و چاککردنەوەی پۆندەکان و پڕۆژەکانی ئاودێریی و کاراکردنەوەی وێستگەکانی کەشناسی و ڕیساکلین و پاککردنەوەی ئاوی قورس و دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ‌ کشتوکاڵ .

لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ لەبارەی  بەردوامبوونی کاری لێژنەکان کراوە  بۆ بایەخدانی زیاتر بە نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان و چاندنی نەمام بۆ دووبارە سەوزکردنەوەی ڕووبەری ئەو دارستانانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و کارەساتی سروشتی زیانیان بەرکەوتووە .

Fly Erbil Advertisment