هاکان فیدان: لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کار بە ڕێکارە نوێیەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق دەکەین

K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتووەوە، ڕێکارە نوێیەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق دەچنە واری جێبەجێ کردنەوە.
15ـی ئابی 2024، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، ڕێکاری نوێ بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق جێبەجێ دەکەن کە پێشتر هەردوولا ڕێککەوتنیان لەبارەوە کردبووە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "لە سەردانەکەی سەرۆککۆمارمان بۆ بەغدا ڕێککەوتن کرابوو لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان کەمترە لە 15 ساڵ و زیاترە لە 50 ساڵ، بڕیارماندا لە 1ـی ئەیلوولەوە ڤیزاکان هەڵبگیرێن کە ئەمەش یەکێکە لەو بڕیارانەی کە ئەمڕۆ پێکەوە داومانە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگی تەمموزی ئەمساڵ هەردوو حکوومەتی عێراق و تورکیا دەربارەی هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هاووڵاتییانی یەکتر، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵن، ڕێککەوتن.
لە 10ـی تەمموزی 2024، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە ڤیزای ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 15 ساڵن و ئەوانەشی تەمەنیان سەروو 50 ساڵن، لەلایەن هەردوولاوە هەڵبگیرێت".
عومەر بەرزنجی گوتیشی "ڕێککەوتنەکە بەم نزیکانە بە فەرمی لە لایەن هەردوو وڵاتەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و بۆ تەمەنەکانی دیکەش، پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە".