گۆڕ هەڵکەنێک: گۆڕستانەکانی غەززە پڕبوون شوێن نەماوە بۆ مردووان

سەعدی حەسەن بەرەکە،  گۆڕهەڵکەن
سەعدی حەسەن بەرەکە،  گۆڕهەڵکەن

لە گۆڕستانەکانی کەرتی غەززە خەریکە شوێن نامێنێت مردوو بنێژن، یەکێک لە گۆڕهەڵکەنەکان دەڵێت، "تا ئێستە زیاتر لە 19 هەزار کەسی ناشتووە دوای ئەوەی لە کارەکەی تەواو دەبێت، ناتوانێت بخەوێت بەهۆی دیمەنی تەرمی ئەو کەسانەی دەینێژێت، کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل ئەندامەکانی جەستەیان لە دەستداوە.

ئاشکراشی دەکات، لەکۆی هەزاران کەس کە ناشتوویەتی، تەنیا دوو یان سێ کەس ئەندامی حەماس بوون.

سەعدی بەرەکە یەکێکە لە گۆڕهەڵکەنەکان و دەڵێت، تا ئێستە تەنیا دوو یان سێ لە کوژراوان ئەندامی حەماس بوون، قوربانیانی دیکە منداڵ و ئافرەت بوون.

سەعدی حەسەن بەرەکە، گۆڕهەڵکەن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێش ئەوەی لەم گۆڕستانە کار بکەم، لە گۆڕستانی سوەید و ئەنساڕ لە دیرلبەلەح کارم دەکرد، ئێستە پڕ بوون لە شەهید، پێش جەنگەکە هەفتانە دوو تا پێنج کەسمان دەناشت، ئێستە هەفتە هەیە 300 کەسیش دەنێژرێن.

لە شەشی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە کار دەکەم، تا ئێستە دوو یان سێ ئەندامی حەماسم ناشتووە، قوربانیانی دیکە هەموو ئافرەت و منداڵ بوون".

سەعدی حەسەن بەرەکە،  گۆڕهەڵکەن، دەشڵێت، "هەر وەک دەبینن شوێن لە گۆڕستانەکە نەماوە، بۆیە دەبێت لەسەر گۆڕەکان گۆڕی دیکە هەڵکەنین و دەبن بە سێ چین.

هەروەها 28 ساڵە لێرەم و چەندان جەنگم بینیوە، بەڵام  هەرگیز بەم ژمارە زۆرە قوربانیم نەبینیوە، تا ئێستە 19 هەزار شەهیدم ناشتووە، کاتێک لێرە دەڕۆم ناتوانم بخەوم بەهۆی بینینی ئەو ئافرەت و منداڵانەی ئەندامی جەستەیان لە دەستداوە."

زیاتر لە 10 مانگە یەکێک لە خوێناویترین جەنگەکان لە مێژووی ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە کوژراون 40 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە زیاتر لە ٪30ـیان منداڵن، هەروەها زیاتر لە 92 هەزار کەسیش لە غەززە برینداربوونە.

Fly Erbil Advertisment