گەرمیان.. کارمەندێکی مەرزی پشتە بە زیاتر لە 239 ملیۆن دینارەوە هەڵهات

K24 – گەرمیان:
کارمەندێکی بەشی گومرکی مەرزی پشتە کە لە سنووری ئیدارەی گەرمیانە، دوای دزینی زیاتر لە 239 ملیۆن دینار، هەڵهات. گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند: پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە دەستگیر نەکراوە.
کارمەندێکی بەشی گومرکی مەرزی پشتە کە لە سنووری ئیدارەی گەرمیانە و لە لایەن مەرزی پەروێزخانەوە سەرپەرشتی دەکرێت دوای بردنی بڕێک پارە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێت، لەم بارەیەوە عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان سکاڵای یاسایان لە لایەن پۆلیس و لە دادگا لەسەر ئەو کارمەندە تۆمار کردووە هێزەکانی پۆلیس دەست بەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ تۆمەتبارەکە کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستە تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە، بەپێی زانیارییەکان ئەو پارەیی کە دیارنەماوە و کارمەندەکەی مەرزی پشتە بردوویەتی زیاتر لە 239 ملیۆن دینار.