شوان کەلاری: هاتنی هێزەکەی حەشدی شەعبی بۆ کوڵەجۆ، گوماناوی و دەستدرێژییە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە "هاتنی هێزەکەی حەشدی شەعبی بۆ کوڵەجۆی گەرمیان، گوماناوی و دەستدرێژییە و دەبێت لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت".
یەکشەممە، 25-08-2024، هێزێکی حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدار بوون؛ بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازییەوە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان تێپەڕاند و چوونە نێو ناحیەی کوڵەجۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان؛ دوای فشارێکی زۆری ناوخۆیی و ناڕەزایەتیی کوردستانییان، هێزەکەی حەشدی شەعبی پاشەکشێی کرد.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چوونی هێزەکەی حەشدی شەعبی بۆ کوڵەجۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، جۆرێکە لە دەستدرێژی و مەیلی داگیرکاری. ئێمە هەرێمێکی دەستوورین لە چوارچێوەی عێراقدا، هەر هێزێک بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان جووڵە بکات، پێویستە پێشوەختە هەماهەنگی و هاوکاریی تەواوی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کردبێت.
بە گوتەی شوان کەلاری "ئەم هێزەی حەشدی شەعبی گوماناویی بووە، لە کاتێکی ناگونجاودا هاتوون و پاساویان بێبنەما و نالۆژیکین؛ جارێک دەڵێن، بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان هاتووین و جارێکیش دەڵێن بۆ ڕاوەدوونانی داعش هاتووین! لە کاتێکدا جووڵەی داعش لەم ناوچەیە زۆر کەمە، هەر جووڵەیەکیش هەبێت، هێزەکانی پێشـمەرگە دەتوانێت چارەی بارودۆخەکە بکات و پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە".
وەکو ئەو پەرلەمانتارەی عێراق باسی کرد "ئەو هێزەی حەشدی شەعبی بە فەرماندەکانی لیوای پێنجی گوتووە، ڕێککەوتنمان لەگەڵ چەند کەسێکی نێو حزبێکدا کردووە، واتا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەیان کردووە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونە و کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، چونکە هەر ڕێککەوتنێک لە دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت؛ گوماناوییە، کارەساتی لێ دەکەوێتە و لە پێناو بەرژەوەندیی کەسی و حزبییە".
پەرلەمانتارەکەی عێراق باسی لەوەش کرد "هێزەکە دەستی بەسەر بیرە نەوتێکی کوڵەجۆدا گرتبوو و 12 پۆلیسی نەوت و گاز کە پاسەوانیی بیرەنەوتەکەیان دەکرد، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە شوێنێکدا دەستبەسەر کردبوون. هەر چەندە دەگوترێت هێزەکە ئێستە کشاوەتەوە، بەڵام نابێت ئەم ڕووداوە هەر وا بە ئاسانی تێپەڕێت و پێویستە لێكۆڵینەوە جیددی لێ بکرێت".