لە نیپاڵ بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان سپارد

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی نیپاڵ بڵاوی کردەوە، دوای وەرزە بارانی بەخوڕ، گەڕەکە نزمەکانی شاری کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ ژێرئاوکەوتوون، کە بەهۆیەوە لانیکەم 100 کەس گیانیان سپاردووە.

وەزارەتی ناوخۆی نیپاڵ ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئەیلوولی 2024، هۆشداریدا کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی مردن و ونبووانی کارەساتە سروشتییەکان بەهۆی لافاو و داڕمانی شاخ و ڕۆچوونی زەوییەوە لە سەرتاسەری گوند و ئاواییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی نیپال ڕووەوە زیادبوون بچێت.

دان بەهادور کارکی، گوتەبێژی پۆلیسی کاتماندۆ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "ژمارەی ئەوانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان سپاردووە بۆ 101 کەس بەرزبووەتەوە، 64 کەسیش بێسەروشوێنن".

گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، "پێدەچێت ژمارەی مردوان بەرزببێتەوە". هەروەها ماڵەکانی نزیک لە ڕووبارەکانی دەوروبەری کاتماندۆ هەموویان نوقم بوون.

باسانتا ئەدیکاری، گوتەبێژی دەستەی نیشتمانی کەمکردنەوە و بەڕێوەبردنی مەترسی کارەساتەکان، ڕایگەیاند "دەسەڵاتداران کار بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو فریاگوزارییان پێبگەیەنرێت".

دەسەڵاتداران زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی ئەمنییان بڵاوکردووەتەوە بۆ هاوکاریی و  ڕزگارکردنی قوربانییان  بە هێلیکۆپتەر و بەلەم.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆی نیپاڵ ڕایگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری شەوی ڕابردوو 14 تەرمیان لە نێو دوو پاس دەرهێناوە کە بەرەو کاتماندو دەچوون، بەڵام بەهۆی داڕمان و ڕۆچوونی زەوییەوە کەوتبوونە ژێر قوڕ و لیتە و بەهۆیەوە گیانیان سپاردبوو.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی نیپالەوە، لایکەمی پاسێکی دیکە و چەند ئۆتۆمبێلێک هێشتا لە ژێر قوڕو لیتەی لافا و داڕمانی بەرزاییەکاندا ماون و تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە هەڵدانەوەی پاشماوەکان و دەرهێنانی تەرمەکان.

ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە، سێ ڕێگەی سەرەکی و خێرا کە ناوچەی کاتماندو بە ناوچەکانی دیکەی نیپال دەبەستێتەوە داخراون و بەری باشووری ناوچەکە بەهۆی لافاوەوە ژێر ئاو کەوتووە و نزیکەی 34 کەس بەهۆیەوە خنکاون.

بەهۆی ئەو دۆخەی بەشێکی زۆری نیپاڵی گرتووەتەوە، حکوومەت بڕیاری داخستنی دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی داخستووە و بڕیارە تاوەکوو سێ ڕۆژی دیکە ڕاگرتنی خوێندن هەر بەردەوام بێت، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لێزمەباران تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.

کارەساتەکانی پەیوەست بە باران، لە باشووری ئاسیا لە وەرزی گەرمادا لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول باون، بەڵام شارەزایان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی ئەوەی دۆخەکە زیاتر سەخت بێت.

Fly Erbil Advertisment