ناتانیاهۆ لەسەر چیایەکی ستراتیژی سووریا کۆبوونەوەی ئەمنی دەکات

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر چیای شێخی ستراتیژی لە سووریا، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد.
سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: بنیامین ناتانیاهۆ لە بەرزاییەکانی جۆلان کە ئیسرائیل پاش دەستبەسەرداگرتنی، کردوویەتیە ناوچەیەکی ئارام و نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی هێزەکانی ئیسرائیل و سووریا لەو ناوچەیە دەکات، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا ناتانیاهۆ هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی سەبارەت بە زنجیرە چیای شێخی لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکان و فەرماندەی فەرماندەیی باکوور و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ"شاباک" کردووە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەردانی لوتکەی چیای شێخیان کردووە، دوای ئەوەی سووپای ئیسرائیل لەگەڵ نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کۆنتڕۆڵیان کردووە.
چیای شێخ، چیایەکە دەکەوێتە نێو خاکی سووریا و لوبنان، لە بانیاس و دەشتی حولە لە باشووری ڕۆژئاواوە درێژ دەبێتەوە تا دۆڵی قەڕن و دۆڵی تیبریا لە باکووری ڕۆژهەڵات، بەم شێوەیە گەورەترین و گرنگترین و بەرزترین بەشی زنجیرە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی لوبنان پێکدەهێنێت کە لەنێوان سوریا و لوبنان درێژ دەبێتەوە، لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی وادی عەجم و هەرێمی بلان و گوندەکانی ڕۆژئاوای دیمەشق و بەرزاییەکانی جۆلان لە سووریا، لە باکوور و ڕۆژئاوا لەگەڵ بەشی باشووری دۆڵی بەقاع و دۆڵی تەیم لە لوبنان، چوار لوتکەی هەیە، بەرزترینیان (2814 مەتر) بە ناوی حەرمۆن لە سووریا و دووەمیان لە ڕۆژئاوا (2294 مەتر)، سێیەم لە باشوور (2236 مەتر) لە بەشی سووریا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە، چوارەمیان لە ڕۆژهەڵات (2145 مەتر)ـە.