ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی دیمەشق دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا، لە دوو هەفتەی ئایندەدا سەردانی سووریا دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی تورکیە گازێتێسی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە دوو هەفتەی ئاییندە سەردانی سووریا دەکات و لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، ناسراو بە "ئەبومحەممەد جۆلانی" کۆدەبێتەوە و دواتر سەردانی مزگەوتی ئومەوی دەکات.
بەگوێرەی هەواڵەکە، شاندیکی باڵای فڕۆکەوانیی سەر بە هێڵی ئاسمانی تورکیا و دەسەڵآتداریی فڕۆکەوانی مەدەنی سەردانی دیمەشقیان کردووە، بۆ ئامادەکاریی سەردانەکەی ئەردۆغان.
باس لەوەش کراوە، قەڵغانێکی ئەمنیی ئاسمانی و وشکانی لە حەما، حمس و ئیدلب دروست دەکرێت، لە ڕێگەی ئەو هێڵەوە ئەردۆغان گەشتەکە دەکات.
پێشتریش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی دیمەشقیان کردبوو.