قایمقامی چەمچەماڵ: هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

قایمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاند: کەمێک لەمەوبەر هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و زیانی گیانی نەبووە.
یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی کاتژمێر 7:10ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
قایمقامی چەمچەماڵ، دەڵێت: نازاندرێت هێرشەکە بە درۆن ئەنجام دراوە یاخود بە کاتیۆشا، هەروەها زیانی گیانی نەبووە و قەبارەی زیانە ماددەییەکانیش تا ئێستا نەزانراوە.
هەروەها لە 26ـی نیسانی ساڵی ڕابردووش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.