کونسوڵی هۆڵەندا: کوردستان توانای هەیە ڕۆڵی ئەرێنی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە هەرێمییەکان بگێڕێت

کونسولی گشتی هۆڵەندا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:"کوردستان لە ڕووی ستراتیژییەوە پێگەیەکی باشی هەیە و لەگەڵ کاراکتەرە جیاوازەکانی ناوچەکە پەیوەندی باشی هەیە"
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24، ئەدریان ئایسلستاین، کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر، جەختی لە پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان و تواناکانی بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندیی ناوچەیی کردەوە، ناوبراو تیشکی خستە سەر توانای هەرێم بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و گەشەی ئابووری، لە هەمان کاتدا جەختی لە گرنگی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا کردەوە.
ئایسلستاین بۆ کوردستان24، وردەکاری وەبەرهێنانە بەردەوامەکانی هۆڵەندای لە بواری کشتوکاڵ و بازرگانیدا لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیری جیۆپۆلەتیکیدا
لەبارەی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانی خێرای جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا دانی بە پێگەی ستراتیژی ناوازەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئەکتەرە جیاوازەکانی ناوچەکەدا نا، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت لە پەرەپێدانی پەیوەندی هەرێمایەتیدا، گوتی: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری له دیپلۆماسیای هەرێمیدا هەیە، پێویستیشی به سەقامگیری سیاسی لەنێو هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەغداش هەیە.
لێدوانەکانی کونسوڵی گشتی هۆڵەندا هاوتەریبە لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی داڕێژەرانی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی سەقامگیرکەر لە عێراق و ناوچەکە دەڕوانن، سەرنجەکانی جەخت لەسەر ئارەزووی هۆڵەندا دەکەنەوە بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری و پێشکەوتنی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان.
بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنە
کونسوڵی گشتی پەیوەندییەکانی هۆڵەندای لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمەچەشن و بەهێز وەسف کرد و گوتی: بەشدارییە سیاسییە ئاست بەرزەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دیک شوف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کرد، هاوکات ئاماژەی بە سەردانی وەزیری بەرگری هۆڵەندا بۆ هەولێر کرد وەک نموونەی قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکان.
لەدەرەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان، کونسوڵی گشتی جەختی لە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان خەڵکی هۆڵەندا و خەڵکی هەرێمی کوردستان کردەوە، بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا، بە گوتەی ئەو کونسوڵە، ئەم پەیوەندییە مرۆیییانە وەک بناغەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کاردەکەن و لە بزوێنەری هاوکارییە درێژخایەنەکاندا زۆر گرنگن.
وەبەرهێنان و هاوکاری ئابووری هۆڵەندی
هۆڵەندا بە شێوەیەکی چالاکانە وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا، کونسوڵی گشتی تیشکی خستە سەر بەشداری هۆڵەندا لە پەرەپێدانی چاندنی پەتاتە، پشتگیریکردنی جووتیاران بە تۆوی پەتاتە و پرۆسێسکردنی دوای دروێنەکردن، ئەم دەستپێشخەرییە بووەتە هۆی ڕەخساندنی سەدان هەلی کار، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
کونسوڵی گشتی پێی وایە هۆڵەندا توانای ئەوەی هەیە لە فراوانکردنی پڕۆژەی هاوشێوە لە کەرتەکانی دیکەی کشتوکاڵیدا، وەک شیرەمەنی، پەلەوەر و بەرهەمهێنانی سەوزە بەشداریی بکات، جەختی لەوە کردەوە کە هاوبەشی گشتی و تایبەت دەبێتە کلیلی کردنەوەی دەرفەتی ئابووری زیاتر.
بەرزکردنەوەی بازرگانی و وەبەرهێنانی هۆڵەندا
هۆڵەندا پابەندە بە بەرزکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کونسوڵی گشتیش چەند ستراتیژێکی بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە خستەڕوو، لەوانە:
· هۆشیارکردنەوەی وەبەرهێنەرانی هۆڵەندی سەبارەت بە دەرفەتەکانی هەرێمی کوردستان.
· ڕێکخستنی بۆنە بازرگانییەکان بۆ بازرگانی (B2B).
· دابینکردنی هەڵسەنگاندنی بازاڕ بۆ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان کە وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا لەبەرچاو دەگرن.
لە کاتێکدا ئاماری وردی بازرگانی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەستدا نەبوو، کونسوڵی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی بەرچاو لە بازرگانی هۆڵەندا و عێراق بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لە ساڵی 2023 کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هۆڵەندا و عێراق 4.7 ملیار یۆرۆ بووە لە هاوردە و 1.3 ملیار یۆرۆ لە هەناردەکردن و پێشبینی دەکرێت ئاماری ساڵی 2024 بە هەمان شێوە بێت.
بۆ بەردەوامبوونی ئەمە، هۆڵەندا بەنیازە میکانیزمی زیاتر پەرەپێبدات بۆ بەستنەوەی بازرگانی هۆڵەندا و کوردستان، ئەمەش کۆبوونەوەی ساڵانەی بازرگانی کورد- هۆڵەندی-عێراقی دەگرێتەوە، تا ئێستاش وەک بۆنەیەکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری دەمێنێتەوە و ساڵان ساز دەکرێت.
دەقی چاوپێکەوتنەکەی کوردستان24 لەگەڵ کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر:
کوردستان24: ئەزموونی ئێوە لە هەولێر چۆن بووە تاکو ئێستا؟
کونسوڵی گشتی هۆڵەندا: زۆر شوێن لە ناو هەولێر و بەشێک لە دیمەنە جوانەکانی دەرەوەی شارم بینی، دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا تامی خواردنە سەرسوڕهێنەرەکان بکەم، بەڵام لە هەمووی زیاتر لە یەک دوو هەفتەی یەکەممدا زۆر کەسی ئیلهامبەخشم ناسی، لە هەموو بەریەککەوتنەکانمدا، پرس و بابەتێک زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش میواندارییە گەورەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو.
کوردستان24: پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێستای هۆڵەندا و حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن و پلانەکانتان بۆ بەرزکردنەوەی ئەم پەیوەندییە لە ساڵی 2025دا چین؟
کونسوڵی هۆڵەندا: پەیوەندییەکانی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر هەمەچەشن و بەهێزن، دیارە پەیوەندی سیاسی هەیە و لە ئاستێکی باڵادایە، بۆ نموونە: لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، دیدارێکی سەرکەوتوومان لە نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا هەبوو، هەروەها مانگێک پێش ئێستا وەزیری بەرگریمان سەردانی هەولێری کرد، جگە لەوەش پەیوەندیی نێوان گەلی کورد وگەلی هۆڵەندا زۆر بەهێزە، لە هەرێمی کوردستان زۆر کەس هەن کە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ هۆڵەندا هەیە، وەکو خاوەن کارەکان، لە کۆتاییدا پەیوەندی نێوان گەلەکانمان بناغەی پەیوەندییەکانمانە.
کوردستان24: ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانی خێرای دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆن دەبینیت؟ ئایا لەگەڵ لێدوانەکانی بەشێک لە بەرپرسانی بیانی یەک دەگرێتەوە کە دەڵێن هەرێمی کوردستان هێزێکی سەقامگیرکەرە بۆ عێراق و ناوچەکە ؟
کونسوڵی هۆڵەندا: باوەڕم وایە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ستراتیژییەوە پێگەیەکی باشی هەیە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کاراکتەرە جیاوازەکانی ناوچەکە هەیە، هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە هەرێمییەکان، لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی کاریگەر پێویستی بە سەقامگیری سیاسیش هەیە لە ناوخۆدا، چ لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان، چ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
کوردستان24: ئایا دەتوانن تیشک بخەنە سەر وەبەرهێنان یان پڕۆژەی بەرچاوی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کە بە جێی سەرنجتانی دەزانن؟
کونسوڵی هۆڵەندا: نموونەیەکی بەرچاوی وەبەرهێنانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، بەشداریکردنیەتی لە پەرەپێدانی چاندنی پەتاتە، بە دابینکردنی تۆوی پەتاتە، هەروەها قۆناغی دوای دروێنەکردن و پرۆسێسکردنی.
هۆڵەندا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی زنجیرەی کەرتەکە لە پەتاتەی تۆوەوە تا چپس یان سوورکراوە لە ڕێگەی پێشخستنی هاوبەشی گشتی و تایبەت، ئەمەش سەدان هەلی کاری لە هەرێمی کوردستاندا ڕەخساندووە، هەروەها داهاتی جووتیارانی پەتاتەی زیاد کردووە.
من باوەڕم وایە ئەم شێوە کارکردنە دەتوانرێت لە کەرتەکانی دیکەی وەک بەرهەمهێنانی شیرەمەنی، پەلەوەر، یان بەرهەمهێنان و بەپیشەسازیکردن و ساردکردنەوەی سەوزە و میوە دووبارە بکرێتەوە.
کوردستان24: چ پلانێکتان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی هۆڵەندا لە کوردستان بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا کە هۆڵەندا سەرکردایەتی خۆی نیشانداوە تیایدا؟
کونسوڵی هۆڵەندا: پێم وایە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانمان ئەوەیە هەلی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پیشانی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بدەین، بۆ ئەوەی دەرفەتە گەورەکانی ئەم هەرێمە ببینن، ئامادەیی خەڵکی ئەم هەرێمەیان پیشان بدەین بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی.
ئێمە بە چەندین شێوازی جیاواز ئەوە دەکەین، وەکو گەیاندنی دیجیتاڵی لە ڕێگەی کورتە فیلمەوە، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی هۆڵەندا، هاوبەشکردنی هەڵسەنگاندنی بازاڕ یان دەرفەتی کۆنکرێتی لەگەڵ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان.
دیارە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و دروستکردنی گەشەی بەردەوام، پێویستە کەشوهەوای وەبەرهێنانێکی باشت هەبێت، ئەوەش پێویستی بە کەرتێکی دارایی تەندروست و ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و سەروەری یاسایەکی بەهێز هەیە، من پێم وایە حکومەتی هەرێم باش ئاگادارە کە ئەم توخمە گرنگانە هەمیشە پێویستیان بە گرنگیپێدان هەیە.
کوردستان24: تکایە دەتوانن وردەکارییەکانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بخەنەڕوو؟
کونسوڵی هۆڵەندا: بە سەیرکردنی ژمارەکانی ساڵی 2023 بۆ هەموو عێراق، هۆڵەندا بڕی 4.7 ملیار یۆرۆی لە عێراقەوە هاوردە کردووە و 1.3 یۆرۆی بۆ عێراق هەناردە کردووە، بۆ ساڵی 2024 پێشبینی دەکەین قەبارەی بازرگانی کەم تا زۆر وەک یەک بێت. ئێمە ئاماری تایبەتمان نییە بۆ بازرگانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام بەباشی دەزانرێت کە ئاڵوگۆڕێکی زۆری بازرگانی نێوان هۆڵەندا و عێراق لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە.
کوردستان24: چ ستراتیژێک هەیە بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025؟
کونسوڵی هۆڵەندا: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانمان هۆشیارکردنەوەی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا هۆڵەندییەکانە، لە ڕووی ستراتیژییەوە کار لەسەر کاراکردنی ژینگەی نێوان بازرگانانی کوردی هۆڵەندی و عێراقی دەکەین، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە.
ئێمە کاری ڕۆژانەی خۆمان هەیە کە پەیوەندیمان لەگەڵ هەردوولا هەیە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە دەرفەتەکان، هاندانیان بۆ کارکردن بەیەکەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ساڵانە نوێنەرایەتییەکی بازرگانی هۆڵەندیمان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و هەندێک جار ئاسانکاری بۆ بازرگانانی کوردستانی عێراق لە هۆڵەندا دەکەین.
بە شێوەیەکی نەریتی ساڵانە کۆبوونەوەیەکمان بۆ بازرگانانی کوردی - هۆڵەندی - عێراقی هەبووە، هیوادارین ئەمساڵیش ئەمە بەردەوام بێت، بەڵام ڕەنگە میکانیزمەکە بۆ ئەمساڵ بگۆڕێت، ستراتیژی ئەمساڵ هێشتا لە ژێر کارکردندایە، بەڵام ئەگەر دەتانەوێت نوێترین زانیاری دەربارەی ئەمە بزانیت، لە سۆشیال میدیای خۆمان فۆڵۆمان بکەن.