بانە.. ژمارەیەک شاخەوان کەوتنە ژێر بەفر؛ تەرمی دووانیان دۆزراوەتەوە

لە شاخی حەوت تاشی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ڕەنووی بەفرەوە دوو شاخەوان بە مردوویی دۆزرانەوە و ژمارەیەک شاخەوانی دیکەش چارەنووسیان نادیارە.

هەینی 28ی شوباتی 2025، پەیام جەلالی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمەڵەی مانگی سووری کوردستان بە ئاژانسی فەرمی ئێرنای ڕاگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاخی حەوت تاش لە نێوان شاری بانە و گوندی بەیان دەرە، هەواڵیان پێدراوە ژمارەیەک شاخەوان کەوتوونەتە ژێر بەفر.

لە درێژەی قسەکانیدا، جەلالی ئاماژەی داوە، دوای گەیشتنی زانیاریی شوێنی ڕووداوەکە شەش تیمیان بۆ ڕزگارکردنی شاخەوانەکان ڕەوانە کردووە، کە دوو تیم لە بانە، یەک لە سەقز، تیمێکی دیکە لە مەریوان و دوو تیمی فریاگوزاری دیکەش لە ناوەندی کۆمەڵەکەوە بۆ چەند کاتژمێرێک سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفر بوون، دواجار توانیویانە تەرمی دوو لە شاخەوانەکان بدۆزنەوە و بیانگوازنەوە دادپزیشکی بانە.

هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، کیومەرس حەبیبی، یاریدەدەری هەماهەنگی کاروباری ئاوەدانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، گومان دەکرێت ژمارەی شاخەوانە ونبووەکان نزیکەی حەوت کەس بن، کە بە پاسێکی بچووک بە مەبەستی بەسەربردنی کات سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردبێت، بەڵام لە بەرزایی شاخی حەوت تاش بەهۆی ڕەنووی بەفرەوە لە سێ لاوە کەوتوونەتە ژێر بەفرەوە.

 
Fly Erbil Advertisment