کەشناسی کرماشان هۆشداری دۆخی زەردی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ چوارشەممە بە زەرد دیاری کردووە و هۆشداری لە لێزمە باران و بەفر لە کوێستانەکان دەدات.
سەعید قاسمی بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی کرماشان ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی نەخشەی پێشبینییەکان لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەپۆلێکی باران سەرتاسەری پارێزگای کرماشان دەگرێتەوە و لە زۆربەی شوێنەکان لێزمە باران بە هەورە بروسکەوە دەبێت.
هەر بە گوتەی قاسمی لە هەندێک کات، بە تایبەت لە شەواندا ئەگەری کەم بوونەوەی باران هەیە، بەڵام ڕەشەبا هەڵدەکات و کاریگەرییەکانیش تاوەکوو ئێوارەی شەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، سەرەتای شەپۆلەکە لە ناوچە کوێستانەکان بە لێزمە باران و بەفر دەست پێدەکات، بەڵام لە بەرە بەیانی سبەینێ پێنجشەممە تاوەکوو ناوەڕاستی ڕۆژی هەینی باران بە گوێرەی جیاوازی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، هەربۆیە داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە ناوچە بەرزەکان و ڕێگە شاخاوییەکان هۆشیار بن، ئەگەر حاڵەتی ناچاری و پێویست نەبێت، گەشت نەکەن، چونکە ڕێگەکان تووشی حاڵەتی بەستن و شەختە دەبن.
هاوکات هۆشداری تایبەتی خراپی دۆخەکەی بە شارۆچکەکانی هەرسین، ناوەندی کرماشان، دالاهۆ، کەنگاوەر، ڕوانسەر و ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوا داوە.