بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا: پێویستە ئیسرائیل ڕێگە بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە بدات

وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، جەختیان کردەوە، کە دەبێت ئیسرائیل ئەرکی نێودەوڵەتی خۆی لەبارەی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە جێبەجێ بکات.
چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، داوا لە ئیسرائیل دەکەن، ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە نەکات.
هاوکات داوا دەکەن، هاوکارییەکان بە خێرایی و بەبێ هیچ بەربەستێک بگەیەنرێنە غەززە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە غەززە.