پرۆژەی ڕووناکی گەیشتە یەکەمین گەڕەکی سلێمانی

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ی ڕووناكی ده‌گه‌یه‌نێته‌ شاری سلێمانی و له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا زیاتر له‌ نۆ هه‌زار هاوبه‌ش لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغێکی ئەزموونی، لە ڕێگای پرۆژەی ڕووناکی هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەکوو "ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا"، کە زیاتر لە نۆ هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابین کراوە و بەم شێوەیە بە کۆی گشتی، نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.

 پرۆژەی ڕووناکی لە چالاکییەکانی بەردەوامە و بەم زووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک گەڕەکی دیکە لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.

بۆ زانیاری زیاتر، هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندیی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی لە ڕێگای ژمارە 1992. سەنتەرەکە لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تاوەکوو 9ـی شەو بەردەستە.

 
 
Fly Erbil Advertisment