مایڵز کاگینز: دیاریکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت ناکۆکیی لەسەرە

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێن، ئامادەن هەناردەی نەوت دەست پێبکەنەوە، داوکاریشە ڕێککەوتنێکی شەفاف و دادپەروەرانە هەبێت کە گەرەنتی پێدانەوەی قەرزەکانی ڕابردوویان بکات.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور"، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی بەغدا، ئەپیکور بە شێوەیەکی ڕوون خواست و مەرجەکانی خۆی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت خستەڕوو.

گوتەبێژی، ئەپیکور دەڵێت: دیاریکردنی لێژنەی ڕاوێژکاری بۆ  هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی بڕی دەرهێنانی نەوت، پرسێکە کێشەی لەسەرە، دەمانەوێت بزانین کەی کاری ئەم لێژنەیە دەکرێت و تەواو دەبێت، هەروەها دەمانەوێت بزانین ئەم لێژنەیە لەسەر چ پێوەرێک بڕیار دەدات.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، چەندین کۆبوونەوەی دیکەیان لە بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت. داوکاریشە ڕێککەوتنێکی شەفاف و دادپەروەرانە هەبێت کە گەرەنتی پێدانەوەی قەرزەکانی ڕابردوویان بکات.

دەشڵێت: دەمانەوێت بە نووسراو دڵنیایی بە کۆمپانیا نەوتییەکان بدرێت و هەروەها ئەو نەوتەی لەلایەن سۆمەوە دەفرۆشرێن، چاومان لەوەیە کە پارەی تێچووی بەرهەمهێنانەکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە کاش پێمان بدرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێن ئامادەن هەناردەی نەوت دەست پێبکەنەوە.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم "ئەپیکور"، بۆ مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دووبارە هەناردەکردنی نەوت کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکەش بێ ئەنجام کۆتایی هات.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو کێشانەی لەنێوان وەزارەتی نەوت و ئەپیکور هەبوون وەک خۆی ماوەنەتەوە و چارە نەکراون، بە تایبەتی ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق داواکارییەکەی دیکەی لە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە، کە دەیانەوێت بەشێک لە نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە بکەن، هاوکات ئەپیکور بە داواکە ڕازی نەبووە.

چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوانیان کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، دەسەڵاتەکانی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییە راوێژکاریە دەستنیشان بکرێت کە نرخی کۆتایی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت دیاریی دەکات. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment