سووریا.. 748 هاووڵاتی له‌وه‌ته‌ی ڕووخانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د مینیان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه

لیژنه‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هۆشداری له به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی مین له سووریا ده‌دات؛ ده‌شڵێت، زیاتر له 700 هاووڵاتیی سووریایی له‌وه‌ته‌ی ڕووخانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د مینیان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه.
پێنجشه‌ممه، 3ـی نیسانی 2025، لیژنه‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی مه‌ترسییه‌كانی مین ڕایگه‌یاند، 388 ته‌قینه‌وه له ساڵی 2024ـدا له سووریا ڕووی داوه و له ئه‌نجامدا 900 كه‌س بریندار بوون و 380ـی دیكه‌یش كوژراون.
لیژنه‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، 748 هاووڵاتیی سووریایی له‌وه‌ته‌ی ڕووخانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د مینیان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، 500 بریندار له كۆی ئه‌م ژماره‌یه‌دا له‌م ساڵدا مینیان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه.
لیژنه‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باسی له‌وه‌ش كردووه، برینداربوون به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵدا، پتره له نیوه‌ی بریندارانی ته‌واوی ساڵی ڕابردووه.
ئه‌و لیژنه‌یه هۆشداریشی داوه له به‌رزبوونه‌وه‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قورسی تێدا هه‌بووه له نێوان لایه‌نه دژبه‌یه‌كه‌كانی سووریا.