حەج و عومرەی کوردستان: جگە لە حەجی فەرمی هیچ جۆرێکی دیکە لە کوردستان نییە

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە، هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: هیچ جۆرە حەجێکی تایبەت و  (vip) بەردەست نییە. بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستانیش گوتی: جگە لە حەجی فەرمی هیچ جۆرێکی دیکە لە کوردستان نییە.

چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی کوردستان ئاگادار کردەوە و گوتی: هیچ جۆرە حەجێک جگە لە حەجی فەرمی لە کوردستان نییە و هاووڵاتیان بۆ هەر پرسیارێک و وەرگرتنی زانیاری، دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە بکەن.

لای خۆیەوە وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە، هۆشداریی دەدات و دەڵێت: با هاووڵاتییان خۆیان بە دوور بگرن لەو پڕوپاگەندانەی دەکرێت بە مەبەستی دابینکردنی ڤیزای حەج، چونکە جگە لە حەجی فەرمی هیچ جۆرێکی تایبەت و (vip)بەردەست نییە.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە، ڕایگەیاند: ڤیزای حەج تەنیا لە ڕێگەی شاندی وڵاتانەوە دابین دەکرێت کە زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە و لە ڕێگەی مینبەری (نسک) کە ڤیزا بۆ 126 وڵات بەردەستە.

حەج و عومرەی سعوودییە، هەروەها موسڵمانان ئاگادار دەکاتەوە کە باوەڕ بەو ڕێکلام و شتە نافەرمییەکان نەکەن کە لە ڕێگەی سۆشیال مێدیا یاخود لە ڕێگەی دیکەوە دەکرێن چونکە وەک خۆیان ئاماژەیان پێ دەکەن لێی بەرپرسیار نین.

وەزارەتی حەج وعومرەی سعوودییە بە مەبەستی زیاتر ڕێگرتن لەم دیاردەیە، سەنتەری چاودێریی میوانانی ماڵی خوای گەورەی داناوە، بە شەو ڕۆژ بەردەستە بۆ خەڵکی ناو سعوودییە بە ژمارە 1966 و بۆ دەرەوەی سعوودییە بە ژمارە مۆبایلی (966920002814+).

Fly Erbil Advertisment