هەولێر و بەغدا جەختیان لە پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە

هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.
شەممە 12ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.
هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان کردەوە.
سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکەش، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و چارەکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ .
ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیمان لە سەرۆک وەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی کرد.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) April 12, 2025
جەختمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان کردەوە.
هاوڕابووین لەسەر پاراستنی سەقامگیریی عێراق لە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ.



