بافڵ تاڵەبانی: حەز دەکەم ڕێککەوتنی ستراتیجی پارتی و یەکێتی دروست بێتەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە پەراوێزی نۆیەمین دیداری سلێمانی، بەشداری هەڤپەیڤینی تایبەتی کوردستان24ـی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکار، ژینۆ محەممەدی دایەوە و باسی لە پەیوەندییەکانی نێوانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی کوردستان کرد.
ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەیە:
کوردستان24: کەش وهەوای دیداری سلێمانی چۆنە ؟
بافڵ تاڵەبانی: بەهەموو جۆرێک باشە، شتێکی باشە بۆ کوردستان، شتێکی باشە بۆ سلێمانی، هەموو ئەو دیدارانە گرنگن، پێم خۆشە ئەو دیدارانەی لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەکرێن زۆر گرنگن، با سەرنجی خەڵک بێنینەوە سەر کورد و کوردستان، شتێکی زۆر گرنگە.
کوردستان24: تۆ قسەت لەسەر بردنەوەی یانەی دهۆک هەبوو و دڵخۆشیی خۆت دەربڕی؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵی زۆر پێم خۆشبوو.
کوردستان24: لەسەر بەپارێزگاربوونی هەڵەبجە چی دەڵێیت؟
بافڵ تاڵەبانی: شتێکی زۆر باشە بۆ کورد و کوردستان، زۆر پێیەوە ماندوو بووین، ئەگەر کێشەی بۆ دروست بکرێت، وەکوو هەموو جارێک خەبات دەکەین لە پێناو ئەوەی بۆ کوردستان و ئێمە باشە، باوەڕیش ناکەم سەرکەوتوو نەبێت.
کوردستان24: لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێدان، لەگەڵ پارتی دانیشتنی زۆرتان کردووە، خاڵی هاوبەشتان زۆرە؟
بافڵ تاڵەبانی: دوورنین لەیەکەوە، گفتوگۆکانمان باشن بەردەوامن، تا ئێستا باش دەڕوات، لەسەر پرەنسیپی حوکمڕانی ڕێککەوتووین، پێم وایە ئێستا لەناو ناوەرۆکی بابەتەکانداین، بەڵام لەوە دڵخۆشتر بۆ من ئەوەیە کە توانیوومە چەند جارێک لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران دابنیشم، پێم وایە خەریکە لەیەکتری تێدەگەین.
کوردستان24: پەیوەندیەکانتان چۆنە؟
بافڵ تاڵەبانی: وەڵڵا باشە، قسەی جیددی دەکرێت و قسەی خۆشە سۆعبەتیش دەکرێت، پێم وایە خەریکە لە تەبیعەتی یەکتر تێدەگەین، ئەمەش قازانجە بۆ ئەو ناوچەیە.
کوردستان24: هیچ پۆستێک هەیە ئەو پەیوەندییە خۆشەی تۆ و سەرۆک وەزیران لەیەک بکات؟
بافڵ تاڵەبانی: ڕەنگە ئەوەی دەڵێم سەیر بێت لاتان، زۆرینەی دانوستانەکانمان لەسەر پۆست نین، بەڵکو لەسەر پرەنسیپن، کاتی خۆی ڕێککەوتنی ستراتیجیمان هەبوو، ئەو کات کە ئەو ڕێککەوتنە هەبوو کێشەی پۆست هەر نەبوو، چونکە لەیەک تێگەیشبووین و بەرنامەکانمان لەیەک زۆر نزیک بوو، بۆیە حەزدەکەم شتێکی وا دروست بێتەوە، کە پرەنسیپەکە گرنگتر بێت لە پۆست.
کوردستان24: ڕێککەوتنی ستراتیجی لە نێوان پارتی و یەکێتی دروست دەبێتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: زووە بۆ ئەم قسەیە، بەڵام من خۆم حەزەکەم.
کوردستان24: بڕیارە هەڵبژاردنی عێراق ئەنجام بدرێت، یەکێتی و پارتی بەیەک لیست بەشدار دەبن؟
بافڵ تاڵەبانی: حەزەکەم زۆربەی حزبە کوردیەکان بەیەک لیست بەشدار بن، بۆیە لەم ڕۆژانە بە گاڵتە بەهاوڕێیەکم گوت، زۆر ئاساییە سیاسییەن لە ناوخۆ یەکتر بخنکێنین، بەڵام زۆر گرنگە کورد لەگەڵ بەغدا یەک دەنگ بێت، ئەم جارەش کە لەگەڵ جەنابی کاک مەسرور دابنیشم، ڕەنگە بە جۆرێک پیشنیازی بکەم، هەروەها بۆ هەڵبژاردن زۆری ماوە، شت زۆر دەگۆڕێت، ئەتوانین شتێک بکەین کە بۆ کورد و کوردستان باش بێت.
کوردستان24: زۆر دووپات لەسەر یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی دەکەیەوە، ئەمە چ گرنگییەکی هەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی دڵی من زۆر خۆش کرد لە دانیشتنەکانم لەگەڵ کاک مەسرور ئەوە بوو، کە باسی چەند مەترسیەکم کرد لەسەر کوردستان و ناوچەکە بەگشتی، کە نیگەرانی کردووم، خۆشبەختانە پێش ئەوەی من قسەکانم تەواو بکەم جەنابی تەواوی کرد، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو شتانە کە ڕەنگە ڕوو بدات، هەردووکمان بیروڕامان وەکوو یەکە لەسەر ئەو بابەتە. ئەوەش زۆر دڵخۆشکەر بوو بۆم، پێشم وایە یەکێک لە هۆکارەکان کە ئێمە ئەتوانین شتێک بکەین کە بۆ میللەتەکەمان زۆر زۆر باش بێت لە بەغدا و لە کوردستانیش ڕەنگە کاتی هاتبێت. هەر ئەوەی کە جەنابت لەگەڵ من دانیشتوویت و قسە ئەکەیت، نیشانەی ئەوەیە شتەکان باشە.
کوردستان24: جەنابت هەستێکی جیاواز بۆ کوردستان24 دەردەبڕیت؟
بافل تاڵەبانی: لەبەر ئەوەی ئێوەش بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ من دەکەن، سوپاستان دەکەم، هیودارم نێوانمان هەروا دەبێت.