حکوومەتی هەرێم قەرزی درێژخایەن بەو هاووڵاتییانە دەدات کە سیستەمی وزەی خۆر دادەنێن

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە و کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان جگەلە دابینکردنی کارەبای24 کاتژمێری، قەرزی درێژخایەن بە هاووڵاتییان دەدات بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر.
هەینی، 18ـی نیسانی 2025، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێم تاوتوێی پێدانی قەرزی درێژخایەن دەکات بە هاووڵاتییان بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر لە ماڵەوە.
گوتیشی: قەرزەکە سەرەتا بەو هاووڵاتییانە دەدرێت کە هەژماری بانکییان هەبێت.
دەربارەی ئەو هاووڵاتییانەی هەژماری بانکییان نییە، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند: هەموو هاووڵاتییەکی ئاسایی دەتوانێت ئەو قەرزە وەربگرێت، بەڵام پێویستە کەفیلێکی هەبێت، کە هەژماری بانکی هەیە.
سەنعان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەکرد، تاوتوێی تەواوی پڕۆژەکە کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
پێشووتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو: لە 81 قوتابخانە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوك و ئیدارە سەربەخۆکان، سیستەمی کارەبای وزەی خۆری داناوە.
ئامانج لە دانانی ئەو سیستەمە دابینکردنی کارەبایە بە شێوەی 24 کاتژمێری بۆ قوتابخانەکان، لەو ڕێگەیەوە قوتابخانەکان پێویستییان بە کارەبای مۆلیدە نامێنێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێنج ملیار دیناری تەرخان کردووە، تا 76 قوتابخانەی دیکە بە هەمان سیستەم کارەبایان بۆ دابین بکرێت، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تاکوو تەواوی قوتابخانەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان سیستەمی کارەبا بە وزەی خۆریان بۆ دابین دەكرێت.